Accessibility links

عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت و بە شەڕ وێرانبوو


Iraqi parliament
Iraqi parliament

ئێستاشی لەگەڵدا بێت زۆرێک لە ڕێبەرانی عێراق وەها لە ڕەوشی وڵاتەکە دەڕوانن ئەگەر دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا لە ڕووی ئاسایشیەوە تۆکمە بێت ئەوا یانی سەقامگیری و هێوری لە عێراقدا.

کاتێکیش خۆپیشاندەران دەچنە ناو ئەم ناوچە سەوزەوە ئیتر باس و خواسەکان لە سەر دۆسێکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی و جێگیری سیاسی گەرم و گوڕ دەبن.

هشام سوهەیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت بزوێنەرەکانی ڕووداوەکانی وڵاتەکەی تەنها بۆ دەستکەوتی سیاسی و وەرگرتنی وەزارەتی دیاریکراو کار دەکەن.

هشام سوهەیل: خودی سەرەک وەزیری عێراق کارئاسانی کردووە بۆ چونە ناوەوەی خۆپیشاندەران بۆ ناو باڵە خانەی پەرلەمان.

عەبدوڵا دولەیمی، سیاسەتمەداری عەرەبی سوننە ئاماژە بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە دەکات لەم قەیرانانەی عێراقدا و دەڵێت هەموو دەزانن ئێران دەستێوەردانێکی زۆری لە عێراقدا هەیە و زۆرێکیش لە سیاسییەکانی وڵاتەکە ئەجەندای ئێرانییان هەیە، هاوشێوەی ئەهلی سوننە ئەوانەی وابەستەی کارنامەی ئەم یان ئەو دامەزراوی وڵاتانی ناوچەکەن.

عەبدوڵا دولەیمی: کەسێکی وەک موقتەدا ئەلسەدر ناتوانێت ئیشێک یان جموجۆڵێک بکات بەبێ خواستی ئێران.

هشام سوهەیل باس لەوە دەکات لە وێنەکاندا کەسانی پلە بەرزی پارتی بەعس لە ناو خۆپیشاندانەکاندا بینراون و دەستیشیان هەن لە گێرەشێوێنیەکاندا.

لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندەران کە زۆربەیان لایەنگرانی سەدرن دروشمی دژی ئێران و دژی قاسم سولەیمانی سەرکردەی هێزی قودسیان دەوتەوە بەڵام وەک هشام سوهەیل دەڵێت "هەر ئەمڕۆ (دووشەممە) موقتەدا ڕۆیشتوە بۆ ئێران و ئیتر نازانرێت لە ناو لایەنی سەدریەکاندا لە پشت پەردەوە چی دەگوزەرێت."

عەبدوڵا دولەیمی هیوادارە کە هێزێکی نێونەتەوەیی بچێتە ناو عێراقەوە و ئەم هێزە بێلایەن بێت و لایەنە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە و وەک دەڵێت "کار لەسەر ئاشتەواییەکی ڕژد بکات و ڕەوشی ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ باری ئاسایی."

کۆبوونەوەکان لە عێراق بەردەوامن و بێ ئەنجامییش لەم کۆبوونەوانەدا درێژەی هەیە و شەقامی عێراقییش نیگەرانە لەسەر ئایندەی ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بە نەوت و بە شەڕ وێرانبووە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ هشام سوهەیل و عەبدوڵا دولەیمی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:01 0:00

XS
SM
MD
LG