بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.1 لەسەر پێوانەی ڕێختەر شەوی هەینی لەسەر شەممە لە باشوری ژاپۆنی دا. ئەمەش نزیکەی 24 کاتژمێر پاش بومەلەرزەیەکی بچووکتر لە هەمان ناوچە بوو کە 9 کەسی تێدا کوژران.
کەناڵی ڕاگەیاندنی ژاپۆن NHK دەڵێت چەندین تەلەفۆن کراوەو ڕاگەیەندراوە کە خەڵکی لە ناو ماڵەکان و باڵەخانەکان گیریان خواردووە.
ئەو بوومەلەرزەیە لە کاتژمێر 1 و 25 دەقیقەی نیوەشەو بەکاری خۆجێیی ڕوویدا. ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن هۆشداری بەرزبوونەوەی ئاستی دەریای بۆ نزیکەی یەک مەتر لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای کومامۆتۆ ڕاگەیاندووە. ئاژانسەکە دەڵێت زۆربوونی شەپۆلەکان گەیشتووەتە کەنارەکانی ئەریاکا و یاتسوشیرۆ، بەڵام لە گرتە ڤیدۆکانی کەناڵی NHK نیشان نەدراوە.
ڕۆژی پێنجشەممەش بومەلەرزەیەکی لاوازتر بە گوڕی 6.5 چەند باڵەخانەیەکی ڕووخاند و زیاتر لە 800 کەسیش بریندار بوون جگە لەو 9 کەسەی گیانیان لەدەست دا.