Accessibility links

مەریوان هەڵەبجەیی : هەزاران ساڵە دەسەڵات لای ئاین بووە، بەڵام هیچ بەرهەمێکی نوێی زانستی و شارستانی لێنەکەوتەوە


چاودێران و توێژەرەوانی بواری ئاینناسی و تیرۆر هەمیشە لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری گەورەدان کە ئایا هیچ ئاینێک هەیە خاڵی بێت لە توندوتیژی و جەنگی پیرۆز و کوشتار، ئایا داعش دوایەمین نەوەی جیهادییەکانە یان مۆدێلێکی دیکەی ئەو هەزاران مۆدێلەی تیرۆرە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەگییەکی ترسناکیان هەیە؟

جیاوازییە گەورەکانی تیرۆر لە خۆرئاوا و لە خۆرهەڵات شیکەرەوە و بیرمەندانی خستۆتە بەردەم تێڕوانین و دنیابینی جیاوازەوە، هەر بۆیە لەپشت هەر کردەوەیەکی تیرۆریستییەوە، دنیایەک رەهەندی جیاواز و جومگەیی ئامادەگیان هەیە، هاوکات ئەو رەهەندە فیکریی و ئایدۆلۆژیی و مۆدێرنانە چین کە بە درێژایی مێژوو لەپشت رێکخراوە جیهادی و تیرۆریستییەکانەوە ئامادەگییەکی مەترسیداریان هەبووە؟

سەبارەت بەم پرس و تەوەرانە ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی چڕو پڕی لەگەڵ نوسەر و لێکۆڵەرەوە مەریوان هەڵەبجەیی دا سازکردووە.

مەریوان هەڵەبجەیی لەبارەی ئیسلام و توندوتیژییەوە دەڵیت "کە ئیسلام سەرهەڵدەدات، لەدوای 13 ساڵ لە سەرهەڵدانییەوە توندوتیژی دەبێت بە بەشێک لەم ئاینە کە تاکو ئێستاکە من و تۆ هەناسەی تیادا دەدەین، یەک سەردەمانێک، تەنها دە ساڵ، تەنها ساڵێک نەماندیووە بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتی ئەم ئاینە ئارامی هەبووبێت و خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی درابێت بە خەڵکەکە، بە هیچ شێوەیەک ئەوە نەبووە".

هەروەها مەریوان هەڵەبجەیی وەڵامی چەندین پرسیاری خوێنەران و بیسەرانی فەیسبوکی دەنگی ئەمریکای داوەتەوە.

هەروەها لەبارەی ئەوەی کە ئایا سێکس و ئیسلام بە درێژایی مێژوو دوو بابەتی بونیادی گەورە بوون لە کڵێشەسازییەکی کۆمەڵایەتی و کولتوریی و ترادسیۆنیدا وەک توندوتیژیی و ستەمکاری و کڵێشەیەکی کۆمەڵایەتی جیاواز؟ مەریوان هەڵەبجەیی پێیوایە "ئیسلام دێت لە ئایەت 23 و 24 ی سورەتی (النساء) داحەڵاڵی دەکات دەڵێت کۆیلەو کەنیزەک حەڵاڵن، وە لەشەڕەکانیشدا بگیرێت و بیکەیتە موڵکی خۆت و دەستدرێژیان بکەیتە سەر حەڵاڵە، لەئایەتی فرەژنیشدا زۆر راشکاوانە ئاماژەی پێدراوە دەڵێت کە ئەم کۆیلە و کەنیزەکانە حەڵاڵی موسڵمانانن و موسڵمان دەتوانێ چەندین کەنیزەکی بوەێت دەتوانێت هەیبێت، لەئایەتێکی دیکەشدا کە لەسورەتی ئەحزابدایە باسی ژنەکانی محەمەد دەکات، دەڵێت کەنیزەک و کۆیلەکان بە محەمەدیش حەڵاڵن، ئەمە کە من دەیڵێم موسڵمانەکان دەتوانن بیخوێننەوە".

هەروەها مێژووی ئاینەکان بە درێژایی مێژووی شارستانیەتەکان لەجەنگێکی گەورەدا بوون، مێژووی کریستیانێتی و فتوحاتی ئیسلامی ...هەروەها ئەم مێژووە چیمان پێدەڵێت؟ مەریوان هەڵەبجەیی لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێمە لە جیهاندا 10 ئاینی گەورەمان هەیە، یەکێکیان هندۆسییە، بوزییە، جینییە، کۆنفۆشیوسییە، جولەکە، مەسیحییە، زەردەشتییە و وە ئیسلامییە. ئەم دە ئاینە بێ هیچ گومانێک لەسەردەمەکانی خۆیاندا، بەبێ ئەوەی بمانەوێت یان نا، پێمانخۆشبێت یان نا، ئینتمائمان هەبێت بۆ هەر ئاینێک لەم ئاینانە، ئەوانە بەشێکبوون لەسەرهەڵدان، سەرهەڵدانی توندوتیژیی، بەشێک بوون لەبەردەوامبوونی توندوتیژی، وە بەشێکبوون لەهاندانی خەڵکی بۆ بەردەوامبوون لە توندوتیژی".

سەبارەت بەوەی ئایا جیهاد و تەکفیر هەڵقوڵاوی تێکستە ئاینییەکانن یان ئەوە موفەسیرەکان و مونەزیرە جیهادییەکانن ئەو تێکست و ئایەتە دینییانە لەگەڵ هەموو کات و سەردەمێکدا دەگونجێنن؛ مەریوان هەڵەبجەیی رایوایە "تەواوی ئەوەی داعش کردوێتی، یەک بەیەکی ڕەفتارەکانی، یەک بە یەکی مەبادیئەکانی، یەک بە یەکی یاسا و رێساکانی هەر هەمووی بە دەق لەناو قورئاندا بە ئایەت نوسراوە".

هەروەها ئایا جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ئیمانپەروەری وەک خوداپەرستی سروشتی و جیهادگەرایی و تیرۆری ئیسلامی دا چەندین پرسیاری دیکەش لەم وتووێژەدا گوێبیستی دەبن.....

فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە

please wait

No media source currently available

0:00 1:36:59 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG