Accessibility links

ڕێبوار سیوەیلی: هیچ سیستەمێکمان لە کوردستاندا نەبووە ناوی بنێین دیموکراسی


بەپێی ڕاوبۆچونی ئەکادیمیست و شارەزاکان چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی هەن کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵێک کۆڵەکەی گرنگ هەن وەک رەوتی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکان و کۆمەڵگە وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە ڕەنگڕێژ دەکەن.

ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی ڕەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و ڕوناکبیر ڕێبوار سیوەیلی سازداوە.

ڕێبوار سیوەیلی لەبارەی بێباکی سیاسی و حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان دەڵێت "ئامادەیی هێزگەلێکی بێگوێ کە بە درێژایی ئەم 25 ساڵەی ئەخیر هیچ گوێیان لەهیچ ئاڕاستەیەکی ڕەخنەیی نەگرتووە، تەنها خەریکی جوانکردنی مەڕاسیم و شکۆی حیزبی و گشتاندنی بەسەر کۆمەڵگەو زیندوکردنەوەی ڕجولەت و نێرایەتی و فۆڕمەکانی کۆمەڵگەیەکی پێش مۆدێرن دا بوون، ئەمە بێگومان لەڕێگەی خستنەگەڕی پارەیەکی زۆر و میدیایەکی زۆر بەهێز و واتە بەشێوەیەکی گشتی پڕۆسەی بە ئایدۆلۆژیکردنی سەرجەم کۆمەڵگە بە ئەندازەیەک سەرچووە، بەڵام نەیتوانیوە کولتورێکی دیموکراتیی مرۆیی بەرهەمبهێنێت".

هاوکات دەڵێت "هیچ سیستمێکمان نەبووە لە کوردستاندا لەم 25 ساڵەی دواییدا ناوی بنێین دیموکراسی".

هاوکات لەبارەی ئابورییەوە دەڵێت "لەم 10 بۆ 15 ساڵەی دواییدا ئەم هێزە چەکدارە بووە بە هێزێکی ئابوری، بۆنمونە خۆی مانفێست کردووە نەک لە هێنانی تفەنگی زۆر و ئەم شتانە، بەڵکو بە بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان، ئەوانەش هەمووی دەلالەتی رەمزی خۆی هەیە".

سەرباری زۆری زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان؛ رێبوار سیوەیلی کۆمەڵێک راوبۆچونی جیاوازی هەیەو دەڵێت " ئێمە ئەو هەموو زانکۆیەمان هەیە، بەڵام ئەو کەرەستانەی لە بواری بیناسازی لەم 25 ساڵەی دواییدا بینای پێدروستکراوە هیچی هی کوردستان نیە و لەڕەنگدانەوەی ژینگە کە بەرگەی ئەم ژینگەیەی ئێرە بگرێت نیە، هەر بۆیە کارگە دروستنەکراوە، ئەوەش لەغیابی زانستدایە، لەبواری دەرمانسازی، لەوڵاتێکی وەک هیندستان ئەو هەموو دەرمانە بەرهەمدەهێنرێت و هیچ تەلەبەیەکی بەشی دەرمانسازی بێ کار نابێت، بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئێمەدا ئەو هەموو خوێندکارەی بەشی دەرمانسازی، تەلارسازی و بواری تاقیگە دەردەچن بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجی هێزی ئەم وڵاتە ئامانجێکی زانستی نیە، دەچن لەبواری تردا کاردەکەن".

فەرموون لەگەڵ تەواوی وتووێژەکە

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:28 0:00

XS
SM
MD
LG