سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا باسی قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێی وایه زیاتر له 95% داهاتی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌وته و نه‌وتیش ئێستا دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
هه‌روه‌ها ناوبراو باسی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم له توركیا ده‌كات و ئه‌و پێی وایه ماوه‌كانی ڕابردوو كاتێک بۆریه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم ته‌قێنرانه‌وه په‌كه‌كه خۆی راگه‌یاند كه ئه‌وان ته‌قاندویانه و ئێستاش هاوشێوه‌ی ڕابردووه و زیانی زۆری به داهاتی هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه.
سه‌باره‌ت به زیانی یه‌ك رۆژی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆریه نه‌وتیانه كه وه‌ك له میدیاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه باسی لێوه كراوه زیانی یه‌ك رۆژی موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێ دابین ده‌كرا، له‌م باره‌یه‌وه سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ووتی" وه‌زاره‌ت تا وه‌زاره‌ت ده‌گۆڕێت وه‌زاره‌ت هه‌یه میلاكی كه‌مه مومكینه به 10 ملیۆن بتوانیت موچه‌ی مانگێكی پێ بده‌ی به‌ڵام وه‌زاره‌تیش هه‌یه تا 130 ملیۆن دولاری پێویسته تا بتوانیت موچه‌ی مانگێكی پێ بده‌یت، وه‌كو پێشمه‌رگه وه‌كو په‌روه‌رده.
سه‌باره‌ت به قه‌رزه‌كانی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم كه تا چه‌ند قه‌رزداره؟
سه‌فین دزه‌یی ووتی" ده‌مێنێته‌وه سه‌ر شێوازی قه‌رز ئه‌گه‌ر عه‌جزه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ حیساب بكه‌ی به عه‌جز و به قه‌رز ئحتیماله خوی له 18 ملیار دولار بدات به‌ڵام ئه‌گه‌ر عه‌جزه‌كه لێ جیابكه‌یته‌وه ته‌نها قه‌رز بیت ئحتیماله 12 ملیار دولار بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ساڵی رابردوو یه‌ك ملیار له حكومه‌تی توركیا وه‌رگیراوه.