لوقمان عەبدوڵڵا شێخە كارگێری مەڵبەندی 3 ی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە هەولێر كوژرا ، كوشتنی ئەم كارگێرەی مەڵبەندی سێی یەكێتی وەک باس دەكرێت بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە بووە نەک سیاسی و لە لایەن برازایەكی خویەوە كوژراوە.
لە بارەی كات و هۆكار و چۆنییەتی كوشتنی كارگێرەكەی مەڵبەندی 3 ی یەكێتی لە هەولێر نەقیب هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دوێنی شەو كاتژمێر حەوت بە كاتی هەولێر مام و برازایەک دەبێتە دەمەقاڵی لە نێوان خویاندا دواتر برازاكە لە مامی خوی دەدات بەناوی لوقمان عەبدولڵا شێخە دیارە كارگێری مەڵبەندی 3 ی یەكێتی نشتیمانی كوردستانیشە دوای ئەوەی كە مامی خوی دەكوژێت خوشی رادەستی پۆلیسی هەولێر دەكات ، دیارە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبووە لە نێوان هەردووكیان دەمەقاڵیەكە بووە دواتر بووتە هۆی كوشتنی و هیچ كێشەیەكی سیاسی لە پشتەوە نەبووە، ئەم دوو كەسە هاوپیشە بوون پێكەوە نوسینگەیەكی عەقاراتیان هەبووە".
بۆ زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە دەنگی ئەمریكا هەوڵی دا ڕزگار عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی 3 ی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لە شاری هەولێر وەربگرێت بو خستنەڕووی وردەكاری زیاتر لەبارەی كوژرانی كارگێری مەڵبەندەكەیان بەڵام ناوبراو هیچ وڵامێكی لەمبارەیەوە نەبوو.
دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەیرکا لە هەولێر