Accessibility links

دکتۆر حوسەین خەلیقی: بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە لە ئێران حەوت کەس لە سێدارە دەدرێن


دکتۆر حسێن خه‌لیقی
دکتۆر حسێن خه‌لیقی

دوابەدوای لە سێدارەدانی ڕێبەرێکی شیعەکان لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە کاردانەوەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە ئاستی پەلاماردانی باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودیە لە تاران.

کاردانەوەکان لەسەر لە سێدارەدانی شێخ ئەلنەمر و 47 کەسی تر لەناو کۆمەڵگای شیعەکاندا لە زۆر شوێنی تریش بێ لە ئێران هەبوون.

ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای ئێران دەڵێت دەبێت عەرەبستانی سعودیە چاوەڕوانی تۆڵەی خودایی ببێتەوە.

دکتۆر حوسەین خەلیقی، سەرۆکی ئەنستیتۆی کوردی لە وڵاتی سویدا دەڵێت ئەم کاردانەوانە لە جێی خۆیدا نین و ئەگەر سەیری تۆمارە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی عەرەبستانی سعودیە کردویەتی یەک بە هەزارە.

دکتۆر حوسەین دەڵێت سزای مردن لە دنیای پێشکەوتوودا جێی نابێتەوە و ڕەتکراوەتەوە و دەشڵێت "بۆخۆیشم لەگەڵ ئەو سزایەدا نیم."

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر حوسەین خەلیقی ئاماژەش بەوە دەکات لەگەڵ ئەوەدا کە قەیرانی ئاینزایی مێژوویەکی دوور و درێژی خۆی هەیە بەلام لە ئێستادا گەیشتۆتە ئەوپەڕی بە شێوەیەک لە سەروەختی ئیمامی عەلی چوارەم خەلیفەی موسڵمانان و موعاویەی ئەبو سوفیان توندتر و سەخت تریش بووە و دەشڵێت بەمزووانەش ئەم قەیرانی ئاینی و ئاینزایی و تەکفیرکردن و کوشتوبڕینەی یەکدی کۆتایی پێنایەت.

کۆمەڵگای سوننە، شیعە ئاینزاکان بە مەترسی بۆ سەر ئاینی ئیسلام دادەنێت و هاوکاتیش کۆمەڵگای شیعەکانیش هەمان ڕوانینیان هەیە بۆ سوننەکان.

دکتۆر حوسەین خەلیقی دەڵێت نە عەرەبستانی سعودیە راست دەکات و نە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕاست دەکات و لەم شەڕەیاندا ئاینی ئیسلامیان کردۆتە هۆکار تا بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بپارێزن.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:22 0:00

XS
SM
MD
LG