Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: گەشتەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ ناوچەکە


پاش کۆبوونەوە فراوانەکەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی لە وەزارەتی بەرگری، سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەوانە بکات بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش.

سێشەممە گەیشتە بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیکی تورکیا و لەوێوە داوای لە حکومەتی تورکیا کرد هەوڵی زیاتر بدات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو 98 کیلۆمەترەی سنوورەکەی لەگەڵ داعش و ڕێگە بە کاری بازرگانی نائاسایی و هاتوچۆی شەڕکەرانی بیانی لەوێوە نەدات.

چوارشەممەش گەیشتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و خالد عوبێدی وەزیری بەرگری کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی و عێراقی تاووتوێی ڕەوشی بەرەکانی شەڕیان کردووە لەگەڵ پڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان و هەروەها مەسەلەی هاتنی لەشکری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.

ڕۆژی پـێـنجشەممەش گەیشتە هەولێر و لەوێش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسـتان کۆبووەوە و دەستخۆشی لە هێزەکانی پـێشـمەرگە کرد بۆ ئەو سەرکەوتنانەی لە دژی داعش تۆماریانکردووە.

هاوکاتی ئەم سەردانە لە ناکاو عەرەبسـتانی سعودیـیە هاوپەیمانێتیـیەکی نوێی لە دژی تێرۆرزم ڕاگەیاند بە ناوی هاوپەیمانێتی ئیسلامی لە دژی تێرۆرزم. دەڵێت ئەم هاوپەیمانیـیە 34 وڵاتە نەک هەر شەڕی داعش دەکات، بەڵکو هەموو گروپە تێرۆرستیـیەکان.

هەرچەندە ئەمەریکا لە زاری ئاشتۆن کارتەر گوتی ئەم هاوپەیمانێتیـیە نوێـیە لەگەڵ داخوازیـیەکانی ئەمەریکا یەکدەگرێتەوە کە داوا دەکات وڵاتانی سووننە ڕۆڵی زیاتر لە شەڕی دژی داعش ببینن.

پـرسیار لێرەدا، هۆکاری ئەم سەردانەی کارتەر بۆ ناوچەکە لەم کاتەدا چیـیە؟

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی ئیسلامی پاش کۆبوونەوە فراوانەکەی سەرۆک ئۆباما لە وەزارەتی بەرگری ڕێکەوتە یان مەبەستی دیکەی لە پشتەوەیە لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو هاوپەیمانێتیـیە نوێـیە ئەندامی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکان لە دژی داعش.

مەترسی نیـیە ئەم هاوپەیمانێتیـیە نوێـیە کە دەستنیشانی نەکردووە کێن ئەو گروپە تێرۆرستیـیانەی شەڕیان دەکەن، ڕێگە واڵابکات لە بەردەم لەناوبردنی نەیارانی سیاسی ئەو وڵاتانە بە ناوی شەڕی تێرۆرزم؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتکاری کورد و ئەندامی پـێشووی پەرلەمانی عێراق.
ئەکرم سـاڵح، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بورهان محەمەد فەرەج، ئەندامی پـێشووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشـتیمانی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:48:46 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG