ڕوسیا بەڵێن دەدات بەردەوام بێت لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی تیرۆرستان لە باکوری سوریا سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ئەم هەڵمەتە ئاسمانییە زیاتر بۆ سەر ئەو سەرهەڵداوانەیە کە ڕۆژئاوا پشتیوانیان لێدەکات.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی هەڵمەتی ئاسمانی ڕوسیا ئیدانە دەکەن و دەڵێن مۆسکۆ ئەو هێرشانە بۆ داپۆشینی پشتیوانی کردن لە حکومەتەکەی بشار ئەسەد دەکات.
لە دواین ڕەخنەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بەم هێرشانەی ڕوسیا، وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵیت تەنها لە سەدا 5 ی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا بۆسەر توندڕەوانی داعش بووە، زۆربەی هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر ئەو ئۆپۆزسیۆنەی سوریا بووە کە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێدەکات و هەوڵ دەدەن بەشار ئەسەد لە سەر کار لابدەن.
سەرۆک ئۆباما سور بوو لەسەر ئەوەی ئەم ناکۆکییە نابێتە شەڕی بە وەکالەتی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، هەرچەندە هەردوو وڵات هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر گروپی جیواز لە ناو سوریا.