Accessibility links

ئەو عەرەبانەى تۆمەتبارن بە هاوكاریكردنى داعش داواى دەركردنى پێشمەرگە لە جەلەولا دەكەن


بەشێک لە عەرەبەكانى جەلەولا كە تۆمەتبارن بە دەست تێكەڵكردن و هاوكاریكردنى داعش ، لە شارى باقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە بەردەوامن لە ئەنجامدانى خۆپیشاندان و داواى دەركردنى هێزى پێشمەرگە لە ناحیەكەیان دەكەن.

شێخ یەعقوب لهێبى كە سەرۆک عەشیرەتێكى عەرەبى سونەیە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەوانەى داواى دەركردنى هێزى پێشمەرگە لە جەلەولا دەكەن سەرجەمیان سەربە عەشیرەتى كروین، كە ساڵى پار دەستیان لەگەڵ داعش تێكەڵكرد و شەڕى پێشمەرگەیان كرد."

لە مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردووەوە ژمارەیەكى زۆری پێشمەرگە لە جەلەولا بوونە قوربانى، و بەرپرسانى كورد ئەندامانى عەشیرەتى كروى تۆمەتبار دەكەن بەدەست هەبوون لە خوێنى سەرجەم ئەو پێشمەرگانەدا كەبوونەتە قوربانى.

ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ناوى سەرجەم ئەو كەسانەى هاوكارى داعشیان كردووە لاى هێزە ئەمنیەكان تۆمار كراوە و رێگە بەهیچ كەسێكیان نادرێت بگەرێنەوە جەلەولا."

لاى خۆیەوە زیاد ئەحمەد ئەندامى خولى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە ، ئاماژەى بەوەكرد ئەو عەرەبانەى تۆمەتبارن بە پاڵپشتى كردنى داعش نایانەوێت دەست بەردارى ناحیەى جەلەولا بن و دەیانەوێت كێشە دروست بكەن.

بەرپرسانى كورد لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمانى عێراق دا رێككەوتوون لەسەر گێرانەوەى ئاوارەكانى جەلەولا و سەعدیە و ، رێگەنەدان بە گەرانەوەى ئەو عەرەبانە بۆ جەلەولا كە تۆمەتبارن بە هاوكاریكردنى داعش.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG