Accessibility links

سەرۆک خێڵەکانی عەرەبی سونە لە خورماتوو هانا بۆ پـێشـمەرگە دەبەن


سەرۆک عەشیرەتە عەرەبە سونەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین داوا لە لایەنە كوردیەكان و هێزى پێشمەرگە دەكەن ، سنور بۆ پێشێلكارى چەكدارە شیعەكان دابنێن و بەر بە هەڵمەتى كوشتن و ڕفاندنى دانیشتوانە سونەكەى قەزاى خورماتوو بگرن.

كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەكێتى كە لە چەند رۆژى ڕابردوودا وەفدى سەرۆك عەشیرەتە عەرەبە سونەكان سەردانیان كردوون، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"داواكارى سەرۆک عەشیرەتە سونەكان ئەوە بوو كە هێزى پێشمەرگە لە ناو خورماتوودا بڵاوبکرێتەوە و ڕێگرى بكرێت لە كوشتن و ڕفاندنى هاوڵاتیانى سونە."

لاى خۆشیەوە دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ئاماژە بەوە دەكات بێ‌دەنگى هێزى پێشمەرگە لە بەرامبەر پێشێلكارى چەكدارە شیعەكانى خورماتوو جێى سەرسوڕمان بووە لاى سەرۆک عەشیرەتە عەرەبە سونەكان.

هاوكات شێخ یەعقوب لهێبى سەرۆک عەشیرەتى لهێب كە عەشیرەتێكى عەرەبى سونەیە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"هێزى پێشمەرگە نەیتوانیووە بارودۆخى خورماتوو كۆنترۆڵ بكات، چونكە چەكدارە شیعەكان لەو قەزایە بە شێوەیەكى فراوان بوونیان هەیە."

هەرچەندە هێزى پێشمەرگە هەتا ئێستا بێ‌ لایەن بووە و نەبووەتە بەشێک لە ململانێى نێوان عەرەبى شیعە و سونە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان، بەڵام ناوبەناو بارگرژى لە نێوان پێشمەرگە و چەكدارە شیعەكانیشدا ڕوودەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:52 0:00

XS
SM
MD
LG