Accessibility links

چەكدارە شیعەكان ڕێگە نادەن پارێزگار و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بگەڕێنەوە بۆ شارى تكریت


چەكدارەكانى حەشدى شەعبى ڕێگە بە پارێزگار و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین نادەن بگەڕێنەوە بۆ نێو شارى تكریتى ناوەندى پارێزگاكەیان بە مەبەستى دەوامكردن. هاوکات بەرپرسێكى ئەمنیش دەڵێت"چەكدارە شیعەكان سووكایەتیان بە ئەندامانى ئەنجومەن كردووە."

رائید فاروق ئەحمەد بەڕێوەبەرى ئاسایشى قەزاى خورماتووى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ویستوویانە بچنە نێو شارى تكریتەوە ، بەڵام چەكدارە شیعەكان سەربارى ئەوەى ڕێگەیان پێنەداون سووكایەتیشیان پێكردوون."

ناوبراو دەڵێت"چەكدارە شیعەكان ڕێوشوێنى ئەمنى توندوتۆڵیان لە تكریت گرتووەتەبەر و ڕێگە بە دانیشتوانەكەشى نادەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان."

پارێزگار و زۆربەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین لە ئێستادا لە شارى بەغدا نیشتەجێبوون، بەهۆى ئەوەى چەكدارە شیعەكان ڕێگەیان پـێنادەن بگەڕێنەوە ناو شارى تكریت.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" ئەو ئاگادارى بارودۆخى ناو شارى تكریت نیـیە چونكە وەكو ئەنجومەنى پارێزگا دەوام ناكەن."

لاى خۆیەوە دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"چەكدارە شیعەكان ڕێگە نادەن خەڵكى تكریت و تەنانەت دامودەزگا حكومیەكانیش بگەڕێنەوە."

ناوبراو دەڵێت"چەكدارە شیعەكان گوێ‌ لە هیچ كەسێک ناگرن و تەنانەت حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانیش دەسەڵاتى بەسەریان دا نیـیە."

رێگەنەدانى میلیشیا شیعەكان بە گەڕانەوەى دانیشتوانى تكریت و دامودەزگا حكومیەكان ، لە كاتێكدایە ئەو شارە بە تەواوەتى لە داعش پاككراوەتەوە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:39 0:00

XS
SM
MD
LG