حكومەتى عێراق توركمانە شیعەكانى قەزاى خورماتووى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین چەكدار دەكات و لە ئێستادا دوو فەوجى سەربازى بۆ دروستكردوون و دوو ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى ئەو قەزایە كە توركمانن كراونەتە فەرماندەى ئەو فەوجانە.
كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"حكومەتى عێراق دوو فەوجى سەربازى بۆ توركمانەكانى قەزاى خورماتوو دروستكردووە و لە ئێستادا 800 چەكدارى توركمان مەشقی سەربازیان پێدەكرێت."
ناوبراو دەڵێت"سەرجەم چەكدارەكان دانیشتوى قەزاى خورماتوون و توركمانى شیعە مەزهەبن."
لە ئێستادا ئەو دوو فەوجەى كە بۆ توركمانەكان دروستكراون خراونەتە سەر هێزەكانى حەشدى شەعبى ، لە ناوچەكانى ئامرلى و باساملى پارێزگاى سەڵاحەدین مەشقى سەربازیان پـێدەكرێت.
رائید فاروق محەمەد بەڕێوەبەرى ئاسایشى قەزاى خورماتوو ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"توركمانەكان پـێیانوایە هێزە كوردیەكان نایان دهپارێزن، بۆیە دەیانەوێت هێزى چەكدارى تایبەت بە خۆیان هەبێت ، كە بێگومان دروستبوونى ئەو هێزە توركمانیە كێشە لە ناوچەكەدا دروست دەكات."
لاى خۆشیەوە نازم كەهیە سەرۆكى پارتى دیموكراتى توركمانى، جەختیكردەوە"بوونى ئەو هەموو هێزە لە ناوچەكەدا وهها دەكات كێشە و ئاژاوە دروست ببێت."
چاوەرێ دەكرێت چەكداركردنى توركمانە شیعەكانى قەزاى خورماتوو لەلایەن حكومەتى عێراقیەوە ناكۆكى گەورەى لەگەڵ كورددا لێبكەوێتەوە، بەو پێـیەى توركمان و كوردەكانى خورماتوو یەكترى بە پێشێلكردنى مافەكانیان تۆمەتبار دەكەن.