چوارشه‌ممه، جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆ بایدن میوانداره‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێڕاق مه‌سعود بارزانی کرد بۆ نانی به‌یانی له شوێنی ئاژانسی ناسراو به " نێڤی ئۆبزێرڤتۆری".
هه‌ر له پاش ئه‌م دیداره، ئۆفیسی جێگری سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا به‌یانـنامه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه و تێیدا گوتی "جێگری سه‌رۆک جه‌ختی کردۆته‌وه له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی به‌هێزی ئه‌مه‌ریکا له هاوکاری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتی نێونه‌ته‌وه‌یی و گه‌لی عێڕاق بۆ لاوازکردن و له کۆتاییدا له‌ناو بردنی داعش به رێگای هه‌ڵمه‌تێکی فراوان که بریتییه له هه‌وڵی سه‌ربازی، سیاسی، ئابوری و مرۆڤی. جێگری سه‌رۆک بایدن و سه‌رۆک بارزانی باسی یارمه‌تییه‌کانی ئاسایشیان بۆ پێشمه‌رگه به هاوئاهه‌نگییه‌کی ته‌واو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێڕاق کرد. هه‌ردوو رێبه‌ر کۆکبوون له‌سه‌ر پێویستیه‌کی ته‌واو بۆ هاوکاری نێوان حکومه‌تی عێڕاق، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هاوپه‌یمانێتی نێونه‌ته‌وه‌یی له شه‌ڕی به‌رده‌وام به‌دژی داعش، به تایبه‌تی سه‌بارت به ئازادکردنی موسڵ. ئه‌وان هه‌روه‌ها رێککه‌وتن که پێویسته هاوکاری نزیک هه‌بێت نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ پێشخستنی هۆکاره سه‌رکییه‌کانی پرۆگرامی نیشتیمانی عێڕاق.