عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه ده‌ڵێت 93 که‌سی ده‌سـتگیرکردووه که سه‌ر به داعشن و نیازیان هه‌بووه زنجیره‌یه‌ک کاری تێرۆرستی له وڵاته‌که ئه‌نجام بده‌ن، له‌وانه هێرشکردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا.
جه‌نه‌ڕاڵ مه‌نسور تورکی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعودیـیه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی تاوانباره‌کان له چه‌ند کات و شوێنی جیاوازدا ده‌سـتگیرکراون. گوتیشی زۆربه‌یان سعودیـین و ته‌نها پـێنجیان نه‌بێت که بریتین له فه‌ڵسـتینیـیه‌ک و یه‌مه‌نیـیه‌ک و سوریـیه‌ک و دووان له‌وانه‌ی له سعودیـیه ده‌ژین و ڕه‌گه‌زنامه‌یان نیـیه. هه‌روه‌ها یه‌ک له ده‌سـتگیرکراوه‌کانیش ژنه.
پاشان گوتی تاوانباره‌کان چه‌ند گروپـێکیان پـێـکهێنابوو به مه‌به‌ستی کوشتنی که‌سانی له‌شـکری و نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی تایفی و ئه‌نجامدانی هێرشی خۆکوژی له شوێنه حکومی و سیڤیلیـیه‌کان و دیپـلۆماسیـیه‌کان، له‌وانه زیندانه‌کانی ئاسایشی گشـتی و هه‌روه‌ها هێرشکردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ڕیازی پایته‌خت به ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو.