کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت له‌وه‌تای داعش له مانگی شه‌شه‌وه خه‌لافه‌تی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه ڕاگه‌یاندووه که ده‌سـتی به‌سه‌ردا گرتوون، به لایه‌نی که‌م 2154 که‌سی له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕ کوشتووه.
کۆمه‌ڵه‌که که بنکه‌که‌ی له به‌ریتانیایه و په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌کی زۆری چالاکوانان له ناو سوریا هه‌یه، ڕۆژی سێشه‌ممه ئه‌م ژماره‌یه‌ی له به‌یانـنامه‌یه‌کدا ڕاگه‌یاند و گوتی زۆربه‌ی کوژراوه‌کان خه‌ڵکی سوریان و به‌شێـکی زۆریشیان سهربڕوان یان ڕه‌جم کراون و یانیش گولـله‌باران کراون.
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵه‌که له به‌یانـنامه‌که‌یدا ده‌ڵێت " به‌رده‌وام ده‌بین له داواکه‌مان بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ ڕاگرتنی ئه‌و کۆشتنکاریـیانهی به‌رامبه‌ر به ڕۆڵه‌کانمان له سوریا ده‌کرێن که هه‌رچه‌نده ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌که گوێی خۆیان داخستووه له ئاست ناڵه‌ی ئازاری خه‌ڵکی سوریا."
پاشان کۆمه‌ڵه‌که ده‌ڵێت ژماره‌که بریتیـیه له کۆی کوژراوانی خه‌ڵـکی سیڤیل و چه‌کدار، له‌وانه 126 که‌سیان چه‌کداری داعش بوون، ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان دابوو یان به سیخوڕی تاوانبارکرابوون.
ڕامی عه‌بدول ڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که ده‌ڵێت ژماره‌که ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه بیانـیانهی تیادا نیـیه که سه‌ریان بڕیون یان فڕۆکه‌وانه ئوردنیـیهکهی به زیندوویی سووتاندیان. ده‌شڵێت مه‌زه‌نده ده‌کرێت ژماره‌که له‌وه‌ش زیاتر بێت که ئه‌وان ده‌سـتیان که‌وتووه، هه‌روه‌ها هه‌ندێـک که‌سیش هه‌ن که پـێده‌چێت داعش ڕفاندبنی هێشـتا بێ سه‌روشوێنن.
کۆمه‌ڵه‌که ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد خراپـترین کۆمه‌ڵ کوژی داعش ئه‌نجامی داوه، ئه‌وه بووه که به‌رامبه‌ر خێڵی شعێتات له ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا کردوویه‌تی و به لایه‌نی که‌م 930 که‌سی لێ‌کوشتن.