Accessibility links

چەكدارى شیعەى بیانى دەچنە عێراق بۆ پەیوەندیكردن بە حەشدى شەعبیەوە


ژمارەیەكى زۆر چەكدارى شیعە مەزهەب لە وڵاتانى ئاسیا و ئەوروپاوە رۆیشتوونەتە عێراق و پەیوەندیان بە حەشدى شەعبیەوە كردووە ، كە ئەو چەكدارانە ئەركى پاراستنى مەزارگە ئاینیەكانى شیعەیان پێ سپێردراوە و بەشێكیشیان بەشدارن لە شەڕى داعشدا.

حەمید گلى شارەزاى بوارى ئەمنى و سەربازى ، دەڵێت"ژمارەیەكى زۆر چەكدارى شیعه‌ لە وڵاتانى ئاسیا و ئەوروپاوە خۆیان گەیاندووەتە عێراق و پەیوەندیان بە حەشدى شەعبیەوە كردووە."

ناوبراو دەڵێت" لە فڕۆكەخانەى هەولێر بە چاوى خۆم ژمارەیەك شیعە مەزهەبم بینى ، كە لە وڵاتانى سویسرا و سویدەوە هاتبوون بۆ پەیوەندیكردن بە حەشدى شەعبیەوە."

رۆیشتنى چەكدارانى شیعە بۆ عێراق ، لە كاتێكدایە بەپێى ئامارێكى پۆلیسى پاسەوانى سنوورى پارێزگاى دیالە، لە دواى رووخانى رژێمى بەعس لەساڵى 2003 بە هەزاران شیعە مەزهەبى پاكستانى و ئێرانى و ئەفغانیان لەسەر سنوورى ئێران دەستگیركردووە كە ویستوویانە بە شێوەى نایاسایى بچنە عێراقەوە بۆ سەردانى مەزارگە ئاینیەكان.

مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" لە ئەفغانستان و پاكستان و وڵاتانى ترەوە چەكدارى شیعە رۆیشتوونەتە سوریاو عێراق بۆ پاراستنى شوێنە پیرۆزەكانى مەزهەبى شیعە."

بەڵام نەجات حسێن ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى حەشدى شەعبى ، ڕەتیدەكاتەوە چەكدارى شیعە لە وڵاتانەوە رۆیشتبنە عێراق بۆ پەیوەندیكردن بە حەشدى شەعبیەوە ، دەڵێت"ڕاوێژكارى سەربازى ئێران هاوكارى چەكدارەكانى حەشدى شەعبى دەكەن ، بەڵام پێویستمان بە چەكدارى دەرەوەى عێراق نیـیە چونكە خۆمان چەكدارمان زۆرە."

پەیوەندیكردنى شیعە مەزهەبەكانى وڵاتانى ئاسیاو و ئەوروپا بە حەشدى شەعبیەوە ، لە كاتێكدایە چەكدارەكانى داعشیش ژمارەیەكى زۆر چەكدارى بیانیان تێدایە، ئەمەش وایكردووە شەڕى نێوان داعش و حەشدى شەعبى بە شەڕى مەزهەبى ناوببرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:24 0:00

XS
SM
MD
LG