کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت له ماوه‌ی پـێـنج ڕۆژی ڕابردوو داعش 69 که‌سی له سوریا ئیعدامکردووه.
ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که ڕۆژی هه‌ینی بۆ ڕادیۆ سه‌وای ڕایگه‌یاند و گوتی کوشـتنکاریـیه‌کان زۆربه‌یان له ناوچه‌کانی حه‌ما و حومس و دێر زور ئه‌نجام دراون و له نێو قوربانیـیه‌کاندا 3 منداڵ هه‌ن که ته‌مه‌نیان خوار 18 سـاڵه. هه‌روه‌ها 11 له کوژراوه‌کانیش ته‌نها خه‌ڵـکی سیڤیل بوون.
پاشان له باره‌ی هێرشی داعش بۆ سه‌ر که‌مپی یه‌رموکی ئاواره فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کان له باشوری دیمه‌شق، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان گوتی له ئێستادا داعش زیاتر له نیوه‌ی که‌مپه‌که‌ی داگیرکردووه. گوتیشی پـێده‌چێت له نێو که‌مپه‌که‌وه و به تایبه‌تی له لایه‌ن به‌ره‌ی نوسره‌وه چه‌کدارانی داعش هاوکاری کرابن.