وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ربێت و ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ئاشتیـیانه بۆ ئه‌و بێ سه‌روبه‌ریـیه‌ی یه‌مه‌ن نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداو ڕێوشوێنی پـێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی ناوچه‌که له دوژمنکاری حوسیـیه‌کانی که له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هاوپه‌یمانن.
شـازاده سعود ئه‌لفه‌یسه‌ڵ ڕۆژی دووشه‌ممه له ڕیاز ئه‌مه‌ی له کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ فیلیپ هامۆند هاوتا به‌ریتانیـیه‌که‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی ئاسایشی یه‌مه‌ن و ئاسایشی وڵاتانی هاریکاری که‌نداو یه‌کن و جودا ناکرێنه‌وه.
گوتیشی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی یه‌مه‌ن ناکرێت به‌بێ گوێڕایه‌ڵی بۆ کۆده‌نگی نێوده‌وڵه‌تی که بریتیـیه له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کۆده‌تای حوسیـیه‌کان به‌سه‌ر حکومه‌تی شه‌رعی.
پاشان له باره‌ی وتووێژی وڵاتانی زلهێز له‌گه‌ڵ ئێران سه‌باره‌ت به به‌رنامه ناوکیـیه‌که، فه‌یسه‌ڵ گوتی له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ن به ڕێگه‌ی ئاشـتیـیانه، به‌ڵام ده‌بێت مسۆگه‌ر بکرێت ئه‌و به‌رنامه ناوکیـیه چه‌کی ناو‌کی لێ ناکه‌وێته‌وه که بۆی هه‌یه بـبێته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌که و جیهان، به تایبه‌ت له سایه‌ی سیاسه‌ته دوژمنکاریـیه‌کانی ئێران و ده‌سـتێوه‌ردانی به‌رده‌وامی له کاروباری وڵاتانی عه‌ره‌بی و هه‌وڵدان بۆ نانه‌وه‌ی ناکۆکی تایفی تیایاندا.
جێی ئاماژه‌یه ڕیاز یاسین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌مه‌ن پـێشـتر هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه داوای له وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداو کرد ده‌ستێوه‌ردانی له‌شکریـیان له وڵاته‌که‌ی هه‌بێت تاوه‌کو پـێشڕه‌وی حوسیـیه‌کان ڕابگرن. گوتیشی هه‌روه‌ها به وڵاتانی هاریکاری که‌نداو و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی گوتووه که گرنگه قه‌ده‌غه‌ی فڕین بسه‌پـێنرێت به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌و فڕۆکه‌خانانه‌ی حوسیـیه‌کان کۆنترۆڵیان کردوون.