ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێس ڕاپـۆرتێـکی له‌سه‌ر هێزه کوردیـیه‌کانی سوریا بڵاوکردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده ڕۆڵێـکی گرنگیان له شه‌ڕی دژی داعشدا بینیوه به‌ڵام هێشتا وه‌کو پـێویست له لایه‌ن حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه پشـتگیری نه‌کراون.
ئاژانسه‌که له‌و ڕاپـۆرته‌ی که ڕۆژی دووشه‌ممه بڵاویکردووه‌ته‌وه، نووسیویه‌تی بۆ ماوه‌ی چوار مانگ بوو هێزه کورده‌کانی سوریا شه‌ڕی داعشیان له جاده‌کانی کۆبانی ده‌کرد و هاوکات فڕۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ئاسمانه‌وه چه‌کدارانی داعشیان بۆردومان ده‌کرد. ده‌ڵێت ئه‌م هه‌وڵه هاوبه‌شه وایکرد له کۆتایـیدا داعش گه‌وره‌ترین زیانی له سوریا پـێبگات و له‌و شاره وه‌ده‌رنێت.
پاش ئه‌م شـکسته گه‌وره‌یه‌ی به‌ر داعش که‌وت، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا ستایشی هێزه کوردیـیه‌کانی کرد و به جێی متمانه و به توانا له‌سه‌ر زه‌وی ناودێری کردن.
ئاژانسه‌که نووسیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پاش دوو مانگ له‌و سه‌رکه‌وتنه که‌چی هێشـتا کورده‌کانی سوریا له ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی به ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکان له‌م شه‌ڕه‌ی دژی داعشدا. ئه‌مه‌ش به پـێچه‌وانه‌ی هێزه‌کانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا که ئه‌مه‌ریکا به‌رنامه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانی بۆ بڕیارداون. هه‌روه‌ها به پـێچه‌وانه‌ی کورده‌کانی عێراقیش که له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه کۆمه‌کی له‌شـکری ده‌کرێن.
پاشان ئه‌سۆشیه‌تد نووسیوه‌یه‌تی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان کورده‌کانی سوریا و ئه‌مه‌ریکا هێشـتا لاوازه و له ژێر ڕه‌حمه‌تی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان واشنتن و تورکیایه که ئه‌ندامێـکی ناتۆیه و مێژویه‌کی درێژی هه‌یه له په‌یوه‌ندیه‌کی پـڕ گرژی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی خۆیدا و ئێسـتا له جموجۆڵی کورده‌کانی سوریا نیگه‌رانه.
سه‌رکرده کورده‌کانی سوریا ده‌ڵێن په‌یوه‌ندیـیه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا سنوورداره و هه‌ماهه‌نگیـیه‌کی پچڕپـچڕیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه ئاسـمانیـیه‌کانی هاوپه‌یمانان.
ڕێبه‌رانی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی (په‌یه‌ده) و باڵه له‌شـکریـیه‌که‌ی که به یه‌په‌گه ناسراوه خۆشحاڵن به‌و یارمه‌تیـیه‌ی ده‌درێن و داوای کۆمه‌کی زیاتریش ده‌که‌ن.
ڕێدور خه‌لیل گوته‌بێژی یه‌په‌گه گوتویه‌تی " بۆ ماوه‌ی زیاتر له 2 سـاڵه یه‌په‌گه سه‌لماندویه‌تی چالاکترین هێزه که له دژی تێرۆرزم و به تایبه‌تی داعش له سوریا ده‌جه‌نگێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا ئێسـتا چه‌کی پـێنه‌دراوه."
پاشان سه‌رسوڕمانی خۆی نیشـان دا له به‌رامبه‌ر شێوازی پشتیوانیـیه ئاسـمانیـیه‌که‌ی لێـیان ده‌کرێت. گوتی له هێرشی مانگی ڕابردووی یه‌په‌گه بۆ سه‌ر داعش له ته‌ل حه‌میس له پارێزگای حه‌سه‌که، هێزی ئاسـمانی ئه‌مه‌ریکا زۆر به باشی پاڵپشتیـیان کردین، به‌ڵام له‌م دوایـیانه‌دا کاتێـک له به‌ره‌کانی ناوچه‌ی سه‌ری کانی داعش هێرشێـکی گه‌وره‌ی کرده سه‌ر هێزه‌کانمان و بۆ ماوه‌ی 5 ڕۆژی شه‌ڕی قورس ڕوویان دا، ئه‌مه‌ریکا هیچ هێرشی ئاسمانی له‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌نجام نه‌دا.
هه‌روه‌ها ئاژانسه‌که تێڕوانینی حسێن کۆچه‌ر فه‌رمانده‌ی یه‌په‌گه له به‌ره‌ی سه‌ری کانی وه‌رگرتووه که گوتویه‌تی " به خوێن باجی ئه‌و بێ پشـتیوانیـیه ئاسـمانیـیه ده‌ده‌ین." ده‌ڵێت پـشـتیوانی هێزی ئاسـمانی زۆر شه‌ڕه‌که‌یان بۆ ئاسانتر ده‌کات و وه‌ها ده‌کات که‌مترین زیانیان پـێبکه‌وێت.
له لایه‌کی دیکه سـاڵح موسلیم هاوسه‌رۆکی په‌یه‌ده داوای له ئه‌مه‌ریکا کردووه و گوتویه‌تی " به گوێ خۆتان گوێمان لێ‌بگرن و به چاوی خۆتان بمانبینن نه‌ک له ڕێگه‌ی گوێ و چاوی خه‌ڵـکیـیه‌وه." ئه‌سۆشیه‌تد پـرێس ده‌ڵێت موسلم له‌م گوته‌یه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌نکه‌ره‌یه.
له کۆتایـیدا سـاڵح موسلم گه‌شبینی خۆی به گه‌شه‌پـێکردنی په‌یوه‌ندیـیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا ده‌ربڕیوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و کۆسپانه‌ی له به‌رده‌میاندایه، گوتویه‌تی " ئه‌گه‌ر تۆ له‌گه‌ڵ یه‌کێـک مامه‌ڵه بکه‌یت ئه‌وا به تێپه‌ڕبوونی کات په‌یوه‌ندیـیه‌کانتان به‌هێزتر ده‌بن. بۆیه پـێموایه ده‌کرێت له ئاینده‌دا په‌یوه‌ندیـیه‌کی زۆر پته‌ومان هه‌بێت."