Accessibility links

خانەقین: پەیوەندیکردنى گەنجانی کورد بە حەشدى شەعبى بەرپرسە کوردەکانى نیگەران کردووە


پەیوەندیکردنى گەنجانى کوردى خانەقین بە ڕیزەکانى حەشدى شەعبى، بەرپرسە کوردەکانى نیگەران کردووە و پـێـیانوایە هۆکارى پەیوەندیکردنى ئەو گەنجە کوردانە بە چەکدارە شیعەکان پەیوەندى بە کەمتەرخەمى هەرێمى کوردستانەوە هەیە.

هێمن مەنسوڕ وتەبێژى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو گەنجە خانەقینیانەى دەچنە ڕیزەکانى حەشدى شەعبیـیەوە، بەشێکیان پەیوەندى بە پابەندبوونى مەزهەبیەوە هەیە و بەشەکەى تریان پەیوەندى بە بێ کاریەوە هەیە."

ناوبراو دەڵێت"چەندین جار داوامان لە هەرێم کردووە فەوجێکى سەربازى بۆ خانەقین بکاتەوە، هه‌تا گەنجان نەچنە ڕیزەکانى حەشدى شەعبیـیەوە و لە ریزى ئەو فەوجەدا دەست بەکاربن، بەڵام هه‌تا ئێستا داواکاریـیەکەمان جێبەجێ نەکراوە."

ئەو گەنجانەى پەیوەندیان بە چەکدارەکانى حەشدى شەعبیەوە کردووە بەشێکیان بۆ پاراستنى مەرقەدى زەینەب رۆیشتوونەتە سوریا و بەشێکى تریشیان لە ناوچەکانى سامەڕا و تکریت لە شەڕدان لە دژى چەکدارەکانى داعش.

سیروان نەورۆز چالاکوانى کۆمەڵى مەدەنى لە قەزاى خانەقین ، دەڵێت" هه‌تا ئێستا 300 گەنجى کورد لە ناوچەکانى دەوروبەرى خانەقینەوە پەیوەندیان بە حەشدى شەعبیەوە کردووە، کە زۆربەیان پێشتر لە ئێران و خوارووى عێراق ژیاون."

پەیوەندى کردنى ئەو گەنجە کوردانە بەریزەکانى حەشدى شەعبى لەکاتێکدایە نەبوونى کار یەکێکە لە گرفتە گەورەکانى دانیشتوانى قەزاى خانەقین و ، ئەو گەنجانەش کە دەچنە ڕیزى چەکدارە شیعەکان مانگانە بڕى 600 هەزار دیناریان وەکو موچە پێدەدرێت.

لیوا ئیسماعیل سەرحان فەرماندەى باڵاى هێزى پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانیەکانى دیالە، دەڵێت"بەڵێنمان لە بەرپرسانى هەرێم وەرگرتووە فەوجى سەربازى بۆ گەنجانى خانەقین دروست بکات ، بەڵام مەسەلەکە بە هۆى گرفتى دارایـیەوە وەستاوە."

قەزاى خانەقین یەکێکە لە ناوچە کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە و 98%ى دانیشتوانەکەى کوردن، کە زۆربەى خێزانە کوردەکانى ئەو قەزایە شیعە مەزهەبن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:21 0:00

XS
SM
MD
LG