Accessibility links

راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ ئاسایشى نیشتیمانى: قاسم سولەیمانى سەرپەرشتى شەڕى تکریت دەکات


راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ ئاسایشى نیشتیمانى، دەڵێت قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران سەرپەرشتى هێزەکانى حەشدى شەعبى دەکات کە لە ئێستادا لە شەڕدان لەگەڵ داعش لە تکریت.

فەریق سەروەر قەرەداغى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پردى پەیوەندى لەنێوان ئێران و عێراق شیعە بوونە ، بۆیە ئێران بە تۆپخانە و چەکى قورسەوە بەشدارى شەڕى تکریت دەکات و قاسم سولەیمانیش سەرپەرشتى شەڕەکە دەکات."

هێزەکانى حەشدى شەعبى کە دواى هەرەس هێنانى سوپاى عێراق لە سەر فەتواى عەلى سستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق دروستکرا ، لە ئێستادا ئەو هێزە شەرى داعش دەکات لە تکریت و تەنها دوو فیرقەى سوپا بەشدارن لە شەڕەکەدا ئەوانیش فیرقەى 3 و فیرقەى 5 ن ، ئەمەش بەوتەى راوێژکارەکەى سەرۆک کۆمار.

فەریق سەروەر قەرەداغى ، روونیشیکردەوە شەڕکردن لەگەڵ داعش قورسە بەو پێیەى داعش شەڕى بەرامبەرکێ ناکات و شەڕى کت و پڕ دەکات، دەڵێت "نهێنى هێزى داعش لەوەدایە ژمارەیەکى زۆر بۆمبیان چاندووە."

بەبرواى راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عێراق ، عەشایەرە سونەکانى عێراق کە ترسیان لە هێزەکانى حەشدى شەعبى هەیە بەو پێیەى لە تۆڵەکردنەوەى مەزهەبى دەترسن ، پێویستە لەلایەن سەرکردایەتى حەشدى شەعبیەوە دڵنیاییان پێبدرێت.

بەکارهێنانى چەکى ئێرانى و سەرپەرشتى کردنى هێزەکانى حەشدى شەعبى لەلایەن فەرماندە ئێرانیەکانەوە، لەکاتێکدایە سوپاى عێراق لە ناوەراستى ساڵى پارەوە هەڵوەشاوەتەوە و حەشدى شەعبى جێگەى گرتووەتەوە کە ئەم هێزە بەتاڵە لەچەکدارى سونە و تەنها لە چەکدارى شیعە مەزهەب پێکهاتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:42 0:00

XS
SM
MD
LG