Accessibility links

وردەکارى هێرشەکانى ئەمڕۆى پـێشمەرگە لە ڕۆژئاوا و باشورى کەرکوک


بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ هێزى پێشمەرگە هێرشێکى فراوانى لە قۆڵى رۆژئاوا و باشورى کەرکوکەوە بۆ سەر چەکدارەکانى داعش دەستپێکرد و زۆربەى ئەو شوێنانە کۆنترۆڵکران کە پێشتر پێشمەرگە پلانى بۆ کۆنترۆڵکردنیان دارشتبوو، فەرماندەکانى پێشمەرگەش دەڵێن"پێشمەرگە بەرەو قەزاى حەویجە ناڕوات."

لە قۆڵى رۆژئاواوە هێزى پێشمەرگە 17 کیلۆمەتر پێشڕەوى کردووە و لە قۆڵى باشورى کەرکوکیشەوە لە هەندێک ناوچە 5 کیلۆمەتر و لە هەندێک ناوچە 10 کیلۆمەتر پێشڕەوى کردووە و سەرجەم ناوچەکانى شەلالات و تەللوەرد و سکەى ئاسن لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراون.

کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشمەرگە لە سەرجەم قۆڵەکانەوە پێشڕەوى باشى کردووە."

پێش دەستپێکردنى هێرش لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە ، فڕۆکەکانى هاوپەیمامان بە چڕى بنکە و بارەگاکانى داعشیان لە رۆژئاوا و باشورى کەرکوک بۆردومانکرد و ئەمەش وایکرد کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچانە بۆ پێشمەرگە ئاسان بێت.

لیوا محەمەد قادر جێگرى فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەموو ئەو شوێنانە کۆنترۆڵکراون کە پێشمەرگە پلانى بۆ کۆنترۆڵکردنیان داڕشتبوو ، بۆیە پێشمەرگە لەم کاتەدا لەمە زیاتر پێشڕەوى ناکات."

هێرشەکەى ئەمڕۆى هێزى پێشمەرگە بۆ سەر سەنگەرەکانى داعش بە هاوکارى فڕۆکەکانى هاوپەیمانان ، لە کاتێکدایە شەڕ لە نێوان داعش و حەشدى شەعبى لە دەوربەرى تکریت بەردەوامە و هێزى پێشمەرگە بێ بەشداریپێکردنى حەشدى شەعبى هێرشەکانى ئەنجامدا.

مستەفا چاوڕەش یەکێک لە فەرماندە باڵاکانى پێشمەرگە بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سەنگەرەکانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە یەکترى جیاوازن و پێشمەرگە لە کەرکوک بە تەنها هێرشەکانى ئەنجامداوە."

بەڵام نەجات حسێن یەکێک لە سەرکردە باڵاکانى حەشدى شەعبى لە کەرکوک دەڵێت"داعش لە شەڕدایە لەگەڵ حەشدى شەعبى له‌ تکریت و ئێستا هەلێکى زێڕینە بۆ پێشمەرگە تا ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک لە داعش پاکبکاتەوە."

ناوبراو دەڵێت"هێرشەکانى ئەمڕۆى پێشمەرگە بۆ سەر داعش بە تەنسیق و ئاگادارى حەشدى شەعبى بووە."

بەرپرسانى پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکەن هێزەکانى بەرەو قەزاى حەویجە پێشڕەوى ناکەن و لەو ناوچانە سەنگەرى توندوتۆڵ لێدەدەن ، کە ئەمڕۆ کۆنترۆڵیان کردن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:23 0:00

XS
SM
MD
LG