Accessibility links

ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌کانی مافی مرۆڤ نیگه‌رانی خۆیان له‌ شه‌ڕی تکریت ده‌رده‌بڕن


ڕێـکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌کانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵکی سیڤیل له‌و ده‌مه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی له‌شـکری له‌ لایه‌ن هێزه‌ عێراقیـیه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن بۆ ڕزگارکردنی تکریت و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری له‌ ده‌سـتی چه‌کدارانی داعش.

لایه‌نه‌ شیعه‌کان هه‌ندێـک له‌ دانیشتوانی سووننه‌ تاوانبارده‌که‌ن به‌ هاوکاریکردنی داعش و به‌شـداری له‌ کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵی شیعه‌کان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ بنکه‌ی له‌شـکری سپایکه‌ری نزیک شـاری تکریت ڕوویدا که‌ تیایدا به‌ سه‌دان تازه‌ سه‌ربازی شیعه‌ به‌ کۆمه‌ڵ کوژران.

دۆنتێلا ڕۆڤێرا ڕاوێژکار له‌ ڕێـکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty International) به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووه‌ میلیشیا شیعه‌کان زۆر جار تۆڵه‌ له‌ دانیشـتوانی سووننه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هیچ کارێـکی دوژمنکارانه‌یان ئه‌نجام نه‌داوه‌. گوتیشی بۆیه‌ ئێستا مه‌ترسیـیان هه‌یه‌ له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌شدا به‌ هه‌مان شێوه ئه‌و هێزانه‌‌ ڕه‌فتار‌ بکه‌ن.

پاشان باسی له‌وه‌ کرد هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق که‌سانی سیڤیلی ئه‌و ناوچانه‌یان جێهێشتووه‌ کاتێـک له‌ ناوه‌ڕاستی سـاڵی ڕابردوو داعش هێرشی بۆ سه‌ر شار و شارۆچکه‌نیان کرد. گوتی" نابێت ئێستا ئه‌و خه‌ڵکه‌‌ سیڤیلانه‌ سزا بدرێن له‌ ئه‌نجامی که‌م ته‌رخه‌می و شـکسـتهێنانی هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق که‌ نه‌یانتوانیبوو یان نه‌یانویستبوو پارێزگاریـیان لێبکه‌ن."

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ وتارێـکیدا له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی گوتی " له‌ شه‌ڕی دژی داعش که‌سی بێ لایه‌ن نیـیه‌ و ئه‌وه‌ی له‌م شه‌ڕه‌دا بێ لایه‌ن ده‌بێت ئه‌وا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌دایه‌."

جۆ ستۆرک جێـگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریکای ڕێـکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ Human Rights Watch گوتی " ئه‌م قسه‌یه‌ی عه‌بادی که‌ ده‌ڵێت که‌سی بێ لایه‌ن نیـیه‌ جێی نیگه‌رانیـیه‌."

گوتیشی " هه‌ر که‌سێـک ڕاسته‌وخۆ به‌شداری کاری دوژمنکارانه‌ ناکات ده‌بێت به‌ سیڤیل دابنرێت و له‌ هه‌موو ده‌سـت‌درێژیـیه‌کی به‌ مه‌به‌ست و هه‌ڕه‌مه‌کیانه‌ پارێزراوبێت.

به‌ڵام عه‌بادی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ده‌سـتپـێـکردنی ئۆپه‌راسیۆنی له‌شـکری له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، جه‌ختی له‌وه‌ کرد که‌ ده‌بێت خه‌ڵـکی سیڤیل پارێزراوبن. گوتیشی ئامانج له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ ڕزگارکردنی دانیشتوانه‌ له‌ داعش.

XS
SM
MD
LG