فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات رێگەدان بە رۆیشتنى حەشدى شەعبى بۆ کەرکوک لە دەسەڵاتى سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمان و حکومەتى هەرێمدایە، نەک لە دەسەڵاتى حکومەتى عێراق و پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت"کەرکوک پێویستى بە حەشدى شەعبى نیـیە.
کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کەرکوک پێویستى بە حەشدى شەعبى نیـیە و ئەرکى هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیە کوردیەکانە خەڵکەکەى لە تیرۆر بپارێزن ، هەروەها ئەرکى حەشدى شەعبیشە لە دەرەوەى خاکى کوردستانەوە شەڕى داعش بکات."
ناوبراو دەڵێت"سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمانى کوردستان بڕیار لەسەر هاتن یان نەهاتنى حەشدى شەعبى بۆ کەرکوک دەدەن ، نەک پارێزگاى کەرکوک و حکومەتى عێراق."
جەختکردنەوەى ئەو فەرماندە باڵایەى هێزى پێشمەرگە لەوەى کە کەرکوک پێویستى بە حەشدى شەعبى نیـیە، لە کاتێکدایە بڕیارە دواى کۆتایى هاتنى شەڕ لە تکریت ، هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى ڕەوانەى پارێزگاى کەرکوک بکرێت بۆ گرتنەوەى قەزاى حەویجە.
ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، دەڵێت" لە عێراقدا کورد و سووننە و شیعە دژى داعش شەڕ دەکەن و دونیاش لەم شەڕەدا پشتیوانمانن."
عەسکەرى ، ئاماژەى بەوەشکرد لە نێو کەرکوکدا هێزى پێشمەرگە و دەزگاى ئەمنى تێدایە و ئەگەر پێویست بکات ، هەماهەنگى دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچانەى کەرکوک کە داعشیان تێدایە.
لە ئێستادا 3 هەزار چەکدارى حەشدى شەعبى لە پارێزگاى کەرکوک جێگیرکراون، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزانە لەلایەن هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیە کوردیەکانەوە رێگەیان پێنەدراوە بچنە نێو شارى کەرکوک.
نەجات حسێن سەرکردەى حەشدى شەعبى ، دەڵێت"مەسعود بارزانى و هادى عامرى رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگى کردن بۆ گرتنەوەى ناوچەکانى خۆرئاواى کەرکوک."
چاوەڕوان دەکرێت دواى کۆتایى هاتنى پرۆسەى ڕزگارکردنى شارى تکریت ، چەکدارەکانى حەشدى شەعبى هێز ڕەوانەى کەرکوک بکەن بە مەبەستى هێرشکردنە سەر قەزاى حەویجە و ناوچەکانى دەوروبەرى و بەمەش گرفتیان لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ دروست ببێت.