Accessibility links

محەمەدى حاجى مەحمود: له‌ عێراق هه‌رسێ پـێـکهاته‌که‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی سوپای تایبه‌تی خۆیان


سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، ئاشکرای دەکات هەوڵى دروستکردنى سوپا بۆ سووننەکانى عێراق دەدرێت و بەمەش هەر سێ پێکهاتەکە (شیعە، سووننە و کورد) دەبنە خاوەنى سوپاى تایبەت بەخۆیان.

محەمەدى حاجى مەحمود کە هاوکات یەکێکە لە فەرماندەکانى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشتر سوپاى عێراق کە سوپایەکى هاوبەش بوو، هەر سێ پێکهاتەکەى عێراقى پێکەوە گرێ دابوو ، بەڵام هەڵوەشاندنەوەى ئەو سوپایە دروستبوونى حەشدى شەعبى لێکەوتەوە کە سوپایەکى شیعه‌یە."

ناوبراو دەڵێت" لە ئێستادا شیعە خاوەنى حەشدى شەعبى و کوردیش خاوەنى هێزى پێشمەرگەیە، بۆیە هەوڵى دروستکردنى گاردى نیشتیمانى بۆ سووننەکان دەدرێت."

سکرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، شەڕى نێوان داعش و حەشدى شەعبى بە شەڕى نێوان سووننە و شیعە وەسفدەکات، پـێـیوایە پڕیشکى ئەو شەڕە کوردى گرتووەتەوە و هێزى پـێشمەرگەى لەو شەڕەدا تێوەگلاندووە.

هەرچەندە پێشتر راگەیاندنى کوردى بڵاویانکردەوە کە سەرکردەکانى شیعە هەوڵى رازیکردنى سەرکردەکانى کوردیان داوە بۆ ئەوەى هێز ببەنە نێو شارى کەرکوک، بەڵام محەمەدى حاجى مەحمود رەتیدەکاتەوە شیعە بە فەرمى داوایەکى لەو شێوەیەى لە کورد کردبێت.

پـێشتر مەلا کرێکار ئەمیرى پێشووى ئەنسارولئیسلام کە ئێستا لە وڵاتى نەرویجە ستایشى محەمەدى حاجى مەحمودى کردبوو ، بەوەى هەوڵى کارئاسانیکردنى بۆ داوە تا بگەرێتەوە هەرێمى کوردستان.

لە بارەى هەوڵەکانى مەلا کرێکار بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێم، محەمەدى حاجى مەحمود ، دەڵێت"کورد نابێت کوردى لێ زیاد بێت ، مەلا کرێکاریش جێگە و پێگەى خۆى هەیە، بۆیە لەبرى هەوڵدان بۆ دوور خستنەوەى ، پێویستە هەوڵى چاککردنى بدرێت."

جەختکردنەوەى محەمەدى حاجى مەحمود لەسەر دروستکردنى سوپا بۆ سووننەکانى عێراق ، لە کاتێکدایە سووننەکانى عێراق خاوەنى شوێنى جوگرافى تایبەت بەخۆیانن و لە ئێستادا سەرکردەکانیان باس لە دروستکردنى هەرێمێکى تایبەت بە خۆیان دەکەن لە چوارچێوەى عێراقدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:01 0:00

XS
SM
MD
LG