له‌شکری تورکیا له ده‌می شه‌ودا ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی کردووه وه‌ک ده‌ڵێت بۆ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه بووه که پاسه‌وانی له مه‌زارگه‌ی سوله‌یمان پاشا ده‌که‌ن، واته باپیری دامه‌زرێنه‌ری ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانلی.
کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ده‌ڵێن سه‌ربازه‌کان به تانک و چه‌کی قورسی تریشه‌وه له ڕێی شاری کۆبانیه‌وه چوونه‌ته ناو سوریاوه.
له مانگی ڕابردوودا پاش چه‌ندان شه‌ڕی قورس له‌گه‌ڵ چه‌کداره توندڕه‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا، هێزه کوردیه‌کان توانییان ئه‌م شاره به ته‌واوی کۆنترۆڵ بکه‌ن.
کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ده‌ڵێن سه‌ربازه‌کان له ئه‌رکه‌که‌یاندا سه‌رکه‌وتوو بوون و ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له مه‌زارگه‌که بوون گهڕاندویاننهتهوه و ئاماژه‌شیان به‌وه کردووه ته‌نها یه‌ک سه‌رباز له ڕووداوێک‌دا کوژراوه.
دیمه‌شق ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه له‌شکریه‌ی تورکیای به هێرشێکی بێ چه‌ندوچوون ناودێر کردووه.
ئاژانسی ده‌نگ و باسی سوریا (سانا) له زاری کاربه‌ده‌ستێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌وه ده‌ڵێت ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه سه‌لماندنێکه بۆ په‌یوه‌ندی نزیکی ئانکه‌ره له‌گه‌ڵ ڕێکخراوه تێرۆریستیه‌کانی له‌و ناوچه‌یه‌دان.
دیمه‌شق ئاگاهی داوه که ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی تورکیا به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له سوریا کراوه و پێشێلکاریشه له‌و ڕێکه‌وتنه‌ی پێستر له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا بووه تورکیاشی به‌رپرس کردووه له هه‌ر به‌ره‌نجامێکی ئه‌و هێرشه.
وێڕای شه‌ڕه قورسه‌کانی نێوان توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و هێزه کوردیه‌کان له سوریادا له ناوچه‌کانی سه‌ر سنوری تورکیادا به‌ڵام له‌شکری تورکیا هیچ هێزێکی نه‌نارد بۆ ناو سوریا.
مه‌زارگه‌ی سوله‌یمان پاشا له هه‌رێمی حه‌ڵه‌به و 35 کیلۆمه‌تر دووره له سنوری تورکیاوه و به‌پێی ڕێکه‌وتنێکی ساڵی 1921 به ناوچه‌یه‌کی سه‌ر به تورکیا داده‌نرێت.
ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو، سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا ده‌ڵێت مه‌زارگه‌که ده‌گوێزرێته‌وه بۆ شوێنێکی تر له سوریادا نزیک تر له سنوری تورکیاوه.
له ساڵی ڕابردوودا حکومه‌تی تورکیا ڕایگه‌یاند که توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له پێشڕه‌ویدان به‌ره‌و مه‌زارگه‌که.
ده‌یان سه‌ربازی تورکیا ئه‌و مه‌زارگه‌یه‌ی سلێمان پاشا ده‌پارێزن.
میدیای تورکیا ده‌ڵێت دره‌نگانێکی ڕۆژی شهممهئۆپهراسیۆنه له‌شکریه‌که ده‌ستیپێکردووه و تا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه به‌رده‌وام بووه و ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ش به یارمه‌تی کوردی سوریا کراوه.
ڕۆژی هه‌ینیش مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو، نکوڵی له‌و ڕاپۆرته هه‌واڵیانه کردووه که ده‌ڵێن سه‌ربازه‌کانی مه‌زارگه‌ی سلێمان پاشا ده‌پارێزن له‌لایه‌ن چه‌کداره توندڕه‌وه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه به بارمته گیراون.