دوو که‌س کوژراون له ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا له شاری خارکیڤ که له‌ژێر ده‌ستی حکومه‌تی ئۆکرانیادایه هاوکاتی یادکردنه‌وه‌ی یه‌که‌م ساڵیادی له‌کار لادانی ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سه‌رۆکی پێشووی سه‌ر به مۆسکۆ.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌شڵێن به‌لانی که‌م 10 که‌سی تریش له‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌دا بریندارن.
شاری خارکیڤ زیاتر له 200 کیلۆمه‌تر له‌و به‌ره‌یه‌وه دووره که سه‌رهه‌ڵداوانی جودایی خوازی سه‌ر به مۆسکۆ شه‌ڕی دژی حکومه‌تی ئۆکرانیا ده‌که‌ن.
پۆلیس ده‌ڵێت ژماره‌یه‌ک گومانباریان ده‌ستگیر کردووه و کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی ده‌ڵێن ئه‌و گومانبارانه چه‌ک و ڕێنوماییان له ڕوسیاوه بۆ هاتووه.
کاربه‌ده‌ستانی له‌شکریی ده‌ڵێن هه‌ردوو لایه‌نی قه‌یرانی ئۆکرانیا ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر کشاندنه‌وه‌ی چه‌که قورسه‌کانیان له به‌ره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ش وه‌ک ئاماژه‌یه‌کی ئه‌رێنی لێی ده‌ڕوانرێت بۆ جێبه‌جێکردنی پلانی ئاشتی نێوانیان که به به‌رده‌وامی پێشێل ده‌کرا.
کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن سه‌رهه‌ڵداوانی سه‌ر به ڕوسیا ڕێککه‌وتنێکیان مۆرکردووه بۆ ته‌واوکردنی ئه‌و کشاندنهوانه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ئاینده‌دا.
ڕاپۆرته میدیاییه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن له‌وانه‌یه سه‌رهه‌ڵداوان هه‌ر له‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌وه ده‌ست به‌و پرۆسه‌یه بکه‌ن.
ڕۆژی شه‌ممه‌ش ئۆکرانیا و سه‌رهه‌ڵداوان ئاڵوگۆڕی دیله‌کانیان کرد و ئه‌مه‌ش بووه نیشانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌ره‌وپێشچوون له‌و ڕێککه‌وتنه ئاگربه‌سته له‌رزۆکه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر مۆر کرا له نێوانیاندا.
له‌و پرۆسه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی دیلانه‌دا 139 سه‌ربازی ئۆکرانیایی له به‌رامبه‌ر 52 سه‌رهه‌ڵداودا ئازاد کران و پرۆسه‌که‌ش له گوندی ژۆلۆبۆک به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌رهه‌ڵداوانی سه‌ر به ڕووسیا ده‌ڵێن ئه‌و دیلانه‌ی ئازادیان کردوون له شارۆچکه‌ی دیباڵتیسیڤ ی ستراتیژی ده‌ستگیر کرابوون که ته‌نها چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن سه‌رهه‌ڵداوانه‌وه کۆنترۆڵ کرابوو.