Accessibility links

مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم سەردانى کەرکوک ده‌کات


ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى شارى کەرکوکى کرد و لەگەڵ ، ئیدارەى شارەکە و فەرماندە سەربازیەکان و کەس و کارى ئەو پێشمەرگانەى لاى داعشن کۆبوویەوە.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم بۆ بەرزکردنى ورە و ستایشکردنى رۆڵى هێزى پێشمەرگە بووە لە بەرەنگاربوونەوەى داعش."

ناوبراو دەڵێت"بارزانى بەڵێنى دابینکردنى پێداویستیە سەربازیەکانى پێداون."

سەرۆکى هەرێم کوردستان لەگەڵ فەرماندە سەربازیەکانى کەرکوک کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا داواى چارەسەرکردنى کەم و کوڕیەکانى لێکرا بە تایبەت بتەوکردنى سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە.

دواتر مەسعود بارزانى لەگەڵ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکدا کۆبوویەوە و بەڵێنى ئەوەى پێدان کە جیاوازى لە نێوان کورد و عەرەب و تورکماندا نەکرێت .

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بارزانى پێیوتوون کە خەڵکى کەرکوک خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووى شارەکەیان دەدەن."

هەر لە سەردانەکەى ئەمڕۆیدا بۆ کەرکوک ، سەرۆکى هەرێم لەگەڵ کەسوکارى ئەو پێشمەرگانە کۆبوویەوە کە لەلایەن داعشەوە بەدیلگیراون، بەڵێنى ئەوەى پێدان کار بۆ ئازادکردنى پێشمەرگەکان بکات.

تاریق رەفیق باوکى یەکێک لەو پێشمەرگانەى لاى داعش بەدیلگیراوە، دەڵێت"بارزانى هۆشدارى داوەتە داعش لە بەرامبەر شەهیدکردنى پێشمەرگەکان، بەڵێنى ئەوەشى پێداون کار بۆ ئازادکردنیان بکات."

سەردانەکەى سەرۆکى هەرێم بۆ کەرکوک، هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەى قەیس خه‌زعەلى سەرۆکى رێکخراوى عەسایب ئەهلولحەقى شیعى، کە رایگەیاندبوو"هەرکات بیانەوێت دەچنە نێو کەرکوکەوە و بڕیارەکەى بارزانیش ناتوانێت رێگرى بکات لە چوونیان بۆ ئەو شارە."

حەمدى گلى شارەزاى بوارى ئەمنى ، پێییوایە سەردانەکەى بارزانى بۆ کەرکوک وەڵامێکى بەهێزە بۆ حەشدى شەعبى شیعى ، کە نیەتى رۆیشتنیان بەرەو کەرکوک هەیە.

سەردانەکەى مەسعود بارزانى بۆ کەرکوک هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونى بارودۆخى ئەمنى ئەو شارە، کە لەلایەک پێشمەرگە لەشەرى داعشدایە و لەلاکەى تریش میلیشیا شیعەکان هەڕەشەى رۆیشتنە نێو کەرکوک دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:14 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG