پۆلیس له پاکستان ده‌ڵێن توندڕه‌وان هێرشیان کردۆته سه‌ر حوسه‌ینیه‌یه‌ک له باکوری ڕۆژئاوای وڵاته‌که و به‌لانی که‌م 19 که‌سیان کوشتووه و نزیکه‌ی 60 که‌سیش بریندارن.
هاوکاتی ئه‌م هێرشه‌ی ڕۆژی هه‌ینی بۆسه‌ر حوسه‌ینیه‌یه‌ک له پیشاوه‌ر ده‌نگی ته‌قینه‌وه و ته‌قه‌کردنیش بیستراون.
هێرشه‌که له ده‌می نوێژی ئێواره‌دا بووه و تا ئێستاش دواترین هێرشه له‌و په‌لامارانه‌ی به‌شێکن له قه‌یرانی ئاینزایی وڵاته‌که.
تاڵیبانه‌کانی پاکستان به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌م هێرشه‌ی ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یاندووه.
توندوتیژیه‌کانی ئه‌مڕۆی پاکستان، دوو هه‌فته پاش ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه دێت که له حوسه‌ینیه‌یه‌کی تری شیعه‌کاندا ڕوویدا له شیکارپوور، له باشوری پاکستان و به‌لانی که‌م 60 که‌سی تیادا کوژران.
ڕێکخراوی جوندوڵا که ڕێکخراوێکی سوننه ئاینزایه و به‌شێکی جوداوه‌بووه له تاڵیبانه‌کانی پاکستان به‌رپرسیارێتی ئه‌م هێرشه‌یان له ئه‌ستۆ گرتووه.
توندڕه‌وانی سوننه زۆر جار دامه‌زراوه ئاینیه‌کانی شیعه‌یان کردۆته ئامانجی هێرشه‌کانیان.
شیعه‌کان یه‌ک له‌سه‌ر پێنجی دانیشتوانی پاکستان پێکده‌هێنن.
بان کی موون، سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان داوای له حکومه‌تی پاکستان کردووه هه‌وڵه‌کانی دوو هێند بکات بۆ پاراستنی که‌مایه‌تیه ئاینی و نه‌ژادیه‌کان.
له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا له پاکستان سه‌دان که‌سی شیعه کوژراون.