Accessibility links

گومان ده‌کرێت داعش پـلانی بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌رکوک داڕشتبێت


چەکدارەکانى داعش لە ناوچەکانى حەویجە و ریاز ئامادەکارى دەکەن و هێزى زیاتر کۆدەکەنەوە، کە گومان دەکرێت پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر شارى کەرکوک داڕشتبێت و هێزەکانى پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان.

عەگید کەلارى فەرماندەى گشتى هێزەکانى پەکەکە لە پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هێز کۆدەکاتەوە و پلانى بۆ کۆنترۆڵکردنى شارى کەرکوک داڕشتووە."

ناوبراو دەڵێت"هەوڵەکانى داعش بۆ کۆنترۆڵکردنى کۆبانى شکستى هێنا، ئێستا ئەو گروپە هەموو هێزەکانى لە سنوورى کەرکوک کۆدەکاتەوە و پلانى داناوە شەڕەکە بۆ کەرکوک بگوێزێتەوە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا ، چەند فەرماندەیەکى باڵاى داعش هاتوونەتە قەزاى حەویجە بە مەبەستى سەرپەرشتیکردنى هێزەکانیان، کە ئەبو عومەر چیچانى لە نێویاندایە.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى لە کەرکوک، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر ئامادەکاریەکانى داعش بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک، دەڵێت"داعش هەر هێرشێک بۆ سەر کەرکوک ئەنجام بدات تێکدەشکێت."

شەوى رابردوو هێزەکانى پێشمەرگە لە ئامادەباشیدابوون بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەر هێرشێک ئه‌گەر بێت و داعش بۆ سەر سەنگەرەکانیان ئەنجامى بدات.

عەقید عیرفان حەمەخان فەرماندەى فەوجى پێشمەرگە لە ناوچەى تەللوەردى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەوى رابردوو هێزەکانمان لە ئامادەباشیدابوون، بەڵام هێزەکانى داعش لە ناوچەکە ژمارەیان زۆر نەبووە."

هاوکات لەگەڵ ئامادەکاریـیەکانى داعشدا بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە لە کەرکوک، حکومەتى هەرێمیش هێزێکى زۆرى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکانى ڕەوانەى کەرکوک کردووە و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى داعش کراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00

XS
SM
MD
LG