لیژنه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ داکۆکیکردن له منداڵان ده‌ڵێت چه‌کدارانی گرووپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) منداڵانی عێراقی وه‌کو کۆیله له بازاڕه‌کان فرۆشتووه و نه‌وجه‌وانانی له خاچ داوه و به زیندوویی سووتاندونی.
کۆمیته‌که هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه گوتی هه‌تا دێت و زیاتر داعش کوڕانی خوار ته‌مه‌ن 18 سـاڵ به‌کارده‌هێنێت بۆ هێرشی خۆکوژی و دروسـتکردنی بۆمب و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌کارهێنانیان وه‌کو قاڵغانی مرۆیی له به‌رامبه‌ر هێرشه ئاسـمانیـیه‌کانی هاوپه‌یمانان.
ڕیناتێ وینته‌ر که‌سی شاره‌زا له کۆمیته‌که به ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رزی گوتی " هه‌ست به نیگه‌رانیـیه‌کی زۆر ده‌که‌ین له به‌رامبه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌دان و کوشتنی ئه‌و منداڵانه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌مینه‌کان." گوتیشی ئاستی کێشه‌که ئێجگار گه‌وره‌یه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد داعش منداڵانی که‌مینه‌کانی له چه‌ند ناوچه‌یه‌ک ده‌سـتگیرکردووه و پاشان نرخی له‌سه‌ر داناون و وه‌کو کۆیله له بازاڕه‌کان فرۆشتونی. ده‌ڵێت زۆربه‌یان منداڵانی ئێزدی و مه‌سیحی بوون، هه‌رچه‌نده هی سووننه و شیعه‌شیان تێدایه.
پاشان گوتی "ڕاپـۆرتمان لایه ده‌ڵێت به تایبه‌تی منداڵانی شێت بۆ ته‌قینه‌وه‌ی خۆکوژی به‌کارده‌هێنن که نازانن چی ده‌که‌ن."