Accessibility links

جەلەولا و سەعدیە کراونەتە ناوچەى سەربازى داخراو


سەرجەم ناوچەکانى جەلەولا و سەعدیە لەلایەن حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون بە ناوچەى سەربازى داخراو و جگە لە هێزى سەربازى و ئەمنى، رێگە بە هاوڵاتیان نادرێت بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە.

ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناوچەکانى جەلەولا و سەعدیە و حەوزى حەمرین کراون بە ناوچەى سەربازى داخراو و جگە لە هێزى سەربازى، هیچ هاوڵاتیەکیان تێدا نیە."

ناوبراو دەڵێت" گەڕانەوەى هاوڵاتیان بۆ ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیە پێویستى بە گفتوگۆ و دانوستانى نێوان هەرێم و بەغدایە."

لە کاتێکدا ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیە ماوەى چەند مانگێکە لە ژێر کۆنترۆڵى داعش دەرهێنراون ، بەڵام هه‌تا ئێستا دانیشتوانەکەیان لە ئاوارەییدا دەژین و رێگەیان پێنادرێت تەنانەت بۆ سەردانیش بگەڕێنەوە ناحیەکانیان.

شێخ یەعقوب لهێبى کە سەرۆکى عەشیرەتێکى عەرەبى سوونەى جەلەولایە و لە ئێستادا نیشتەجێى قەزاى خانەقینە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هیچ وادەیەک دانه‌نراوە بۆ ئەوەى بگەڕێینەوە جەلەولا، گەڕانەوەشمان پێویستى بە ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و ناوەندە."

هەرچەندە جەلەولا و سەعدیە دواى شەڕێکى دور و درێژى چەند مانگى لە داعش پاککرانەوە، بەڵام لە ئێستادا جم‌وجۆڵى چەکدارەکانى داعش لە ناوچەى تبجى خۆرئاواى جەلەولا دەستیپێکردووەتەوە.

خەلیل خوداد بەرپرسى کۆمیتەى جەلەولاى یەکێتى، دەڵێت"ژمارەیەک چەکدارى داعش لە ناوچەى تبجى خۆرئاواى جەلەولا بینراون کە لە قەزاى شارەبانەوە هاتوون."

دانیشتوانى جەلەولا و سەعدیە چاوەڕوانى ئەوەیان دەکرد کۆنترۆڵکردنەوەى ناحیەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى هەرێم و عێراقەوە کۆتایى بە ژیانى ئاوارییان بهێنێت، بەڵام لە ئێستادا هێزە ئەمنیەکان بوونەتە بەمپەر لە بەردەم گەڕانەوەیاندا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:28 0:00

XS
SM
MD
LG