دادگایه‌کی میسر حوکمی ئیعدامی بۆ 183 که‌س ده‌رکرد به تاوانی کوشـتنی 15 ئه‌فسه‌ر و پـۆلیس له بنکه‌یه‌کی پـۆلیسی نزیک قاهیره له مانگی هه‌شتی سـاڵی 2013.
دادگای تاوانه‌کانی ئهلجیزهی میسر ڕۆژی دووشه‌ممه حوکمی ئیعدامی ئه‌و که‌سانه‌ی یه‌کلایی کرده‌وه که 34 یان هێشـتا ده‌سـتگیر نه‌کراون.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه له 13 ی مانگی هه‌شتی سـاڵی 2013 کۆمه‌ڵێـکی سه‌ر به ئیخوان ئه‌لموسلیمین په‌لاماری بنکه‌ی پـۆلیسی کرداسهی باشوری ڕۆژئاوای قاهیره پایته‌ختیان دا و هه‌رچی ئه‌فسه‌ر و پـۆلیسی بنکه‌که بوو که که‌وتنه بهردهسـتیان کوشـتویانن و پاشان سووکایه‌تیـیان به ته‌رمه‌کانیان کرد و له‌گه‌ڵیدا بنکه‌که‌یان تاڵانکرد و پاشان سووتانیان.
یه‌ک له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی کوشتیان ژنه‌راڵ نه‌بیل فراج بوو که جێـگری به‌رێوه‌به‌ری ئاسایشی ناوچه‌ی جیزه بوو.
له دادگاییکردنه‌که‌ی دووشه‌ممه‌دا که تیایدا 188 که‌س دادگایی ده‌کران، یه‌ک له تاوانباره‌کان که ته‌مه‌نی خواروو 18 سـاڵ بوو به 10 سـاڵ زیندانی حوکمدرا. دوو تاوانباریش حوکمه‌که‌یان هه‌ڵوه‌شایه‌وه به‌و پـێـیه‌ی مردوون و دووانی دیکه به‌بێ گوناه ده‌رچوون.