Accessibility links

نوێنەرانى کورد لە بەغدا لاى حکومەت شکات لە میلیشیا شیعەکان دەکەن


میلیشیا شیعەکان لە ناوچەى عوزێم بازگەیان داناوە و رێگە نادەن ئۆتۆمبێلى ژمارە هەولێر لە هەرێمى کوردستانەوە هاتوچۆى بەغدا بکات ، نوێنەرانى کوردیش لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لاى حکومەت سکاڵا لەسەر میلیشیاکان تۆمار دەکەن.

سۆران جەلال بەرێوەبەرى پۆلیسى فریاکەوتنى ناحیەى تازە بەدەنگى ئەمەریکا راگەیاند"ئەو ئۆتۆمبێلانەى لەهەرێمى کوردستانەوە بەرەو بەغدا دەرۆن ئەگەر تابلۆکانیان ژمارەى هەولێر بێت، میلیشیا شیعەکان دەیانگێرنەوە و رێگەیان پێنادەن بچنە نێو بەغداى پایتەختەوە."

بیانووى میلیشیا شیعەکان لە گرفت دروستکردن بۆ هاوڵاتیانى کورد ، ئەوەیە کە گوایە ئەو هاوڵاتیە عەرەبانەى هاتووچۆى هەرێمى کوردستان دەکەن لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت و داواى کەفیلیان لێدەکرێت.

دڵشاد مەجید کە هاوڵاتیەکى دانیشتووى قەزاى کەلارە و چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆ سەردانى خزم و کەس و کارى سەردانى بەغداى کردووە، باسلەوەدەکات میلیشیا شیعەکان رێگەیان بەو هاوڵاتیانە نەداوە بچنە نێو بەغداوە کە خەڵکى پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر بوون.

میلیشیا شیعەکان کە لەئێستادا رێگاکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداى پایتەختیان کۆنترۆڵکردووە، بە شێوەیەکى ئاشکرا لێپرسینەوە لەگەڵ هاوڵاتیانى کورد دەکەن ، ئەمەش پەرلەمانتارە کوردەکانى بەغداى نیگەرانکردووە.

شاخەوان دەلۆ ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە وەتەى رێگەى عوزێم لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە کۆنترۆڵکراوە ، چەند جارێک هاوڵاتى کورد رفێنراون و دواتر بەپارە ئازادکران، هەندێک لە هاوڵاتیە کوردەکانیش چارەنوسیان نادیارە."

ناوبراو دەڵێت"لە بازگەى میلیشیا شیعەکان نوسراوە نابێت ئۆتۆمبێلى هاوڵاتى کورد هاتووچۆى بەغدا بکات ، بۆیە ئێمەش حکومەتى عێراقمان لەو مەسەلە ئاگادار کردووەتەوە."

گرفت دروستکردنى میلیشیا شیعەکان لە بەردەم ئەو هاوڵاتیە کوردانەى کە هاتووچۆى بەغدا دەکەن، لەکاتێکدایە دوێنى پێنجشەمە لە قەزاى خورماتوو گرژى لەنێوان هێزى ئاسایشى کوردى و هێزێکى سەر بە رێکخراوى بەدرى شیعى دا دروستبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:33 0:00

XS
SM
MD
LG