دهلهگاسیۆنێکی سیناتی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به سه‌رۆکایه‌تی سیناتۆر جان مه‌ککه‌ین به جیا له‌گه‌ڵ شازاده‌ی تاج له شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه و میری قه‌ته‌ردا کۆبۆته‌وه وه‌ک به‌شێک له سه‌ردانێک بۆ وڵاتانی ناوچه‌که و وتووێژکردن له‌سه‌ر ڕه‌وشی ناوچه‌که و به تایبه‌تیش ڕه‌وشی سوریا.
له وتووێژه‌کاندا سه‌نگی خراوه‌ته سه‌ر مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی سه‌رهه‌ڵداوانی سوریایی.
وه‌ک له ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێسدا هاتووه سیناتۆر مه‌ککه‌ین له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ردا نوسیویه‌تی "دهلهگاسیۆنهکهی سینات له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د جه‌ربه سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی سوریا کۆبۆته‌وه و هه‌روه‌هاش له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی به‌شی مه‌شق و ڕاهێنان پێکردن له له‌شکری شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه. دهلهگاسیۆنهکهی سینات له‌گه‌ڵ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال ثانی میری قه‌ته‌ریشدا کۆبۆتهووه."
ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌م شانده‌ی سینات ئه‌ندامی کۆمیته‌ی له‌شکرین له سیناتی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا که سیناتۆر مه‌ککه‌ین خۆی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م کۆمیته‌یه ده‌کات.
عه‌ره‌بستانی سعودیه و قه‌ته‌ر پشتیوانێکی به‌هێز و جێگیری ئۆپزسیۆنی سوریان که نزیکه‌ی چوار ساڵه شه‌ڕی ڕژێمی سوریا ده‌کات به مه‌به‌ستی ڕوخاندنی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا.
ئه‌م کۆبوونه‌وانه‌ش ڕۆژی شه‌ممه کراون، واته یه‌ک ڕۆژ پاش ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی په‌نتاگۆن بووه سه‌باره‌ت به ناردنی یه‌ک هه‌زار سه‌رباز بۆ تورکیا و شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه و هه‌روه‌ها قه‌ته‌ر به مه‌به‌ستی یارمه‌تیدان بۆ مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی چه‌ند لایه‌نێکی دیاریکراو له ئۆپزسیۆنی سوریا.
په‌نتاگۆن ده‌ڵێت ده‌شێت ئه‌م مه‌شق و ڕاهێنانه له سه‌ره‌تاکانی وه‌رزی به‌هاری ئه‌مساڵدا ده‌ستپێبکات.