کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت له 16 ی مانگی نۆی سـاڵی 2014 وه هه‌تا ئه‌مڕۆ 16 ی مانگی یه‌کی 2015 زیاتر له 1600 که‌س له هێرشی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کۆبانی کوژراون.
کۆمه‌ڵه‌که ڕۆژی هه‌ینی له به‌یانـنامه‌یه‌کدا له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ی خۆی ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و نووسیویه‌تی له نێو ئه‌م ژماره‌یه، 32 که‌سیان خه‌ڵکی سیڤیلی کورد بوون، له‌وانه 17 که‌س که دووانیان نه‌وجه‌وان بوون، داعش ئیعدامی کردوون، به لایه‌نی که‌م چواریان سه‌ریان له لاشه‌کانیان کراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها 7 که‌سی سیڤیلیش که یه‌کێـکیان منداڵ بوو، به‌هۆی بۆردومانی داعش بۆ سه‌ر شاری کۆبانی گیانیان له‌ده‌سـتداوه. ده‌شڵێت بۆردومانی شاره‌که له 27 ی مانگی نۆی 2014 وه ده‌سـتیپـێـکردووه.
پاشان ده‌ڵێت ژماره‌ی کوژراوانی چه‌کدارانی داعش گه‌یشـتووه‌ته 1091 که‌س که تێـکه‌ڵاون له ڕه‌گه‌زنامه‌ی سوری و عه‌ره‌بی و بیانی، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات 49 له‌و کوژراوانه ته‌قینه‌وه‌ی خۆکوژیـیان ئه‌نجامداوه.
سه‌باره‌ت به زیانی گیانی هێزه کوردیـیه‌کانیش، ده‌ڵێت 462 که‌س له یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ڵ و ئاسایش گیانیان له‌ده‌سـتداوه که یه‌کێـکیان سه‌رکرده‌یه‌کی ژنیان بووه کاتێـک له هێرشێـکی چه‌کدارانی داعش چووه‌ته ناو کۆمه‌ڵێـکیانه‌وه و به‌ر له‌وه‌ی خۆی به بۆمبێـک بکوژێت، بۆمبی پـیادا ته‌قاندوونه‌ته‌وه. پاشان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات ژماره‌یه‌کیان له لایه‌ن داعشه‌وه سه‌ربڕاون که چه‌ند شه‌ڕڤانێـکی ژنیشیان له نێودایه.
هه‌روه‌ها له به‌یانـنامه‌که‌دا هاتووه 21 چه‌کداریش گیانیان له‌ده‌سـتداوه که له نێو ئه‌و گرووپانه‌بوون پشـتیوانی له یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل ده‌که‌ن له شاره‌که‌دا. که‌سێـکی خۆبه‌خشیش گیانی له‌ده‌سـتداوه کاتێـک له یه‌کێـک له به‌ره‌کاندا به ئۆتۆمبیله‌که‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ هێزه کوردیـیه‌کان گواستووه‌ته‌وه.
له کۆتایی به‌یانـنامه‌که، کۆمه‌ڵه‌که ده‌ڵێت ئه‌م ژمارانه‌ی ڕایانگه‌یاندوون له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌یه که توانیویانه پشـتڕاستیان بکه‌نه‌وه، به‌ڵام ژماره ڕاسته‌قینه‌کان مه‌زه‌نده ده‌کرێت به سه‌دان له‌وانه زیاتر بن، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی داعش که زیانه گیانیـیه‌کانی ده‌شارێته‌وه و به نهێنی ته‌رمی کوژراوه‌کانی ده‌نێژێت.