Accessibility links

قەیرانى دارایى مەترسى لەسەر رێکەوتنەکەى نێوان هەولێر و بەغدا دروستکردووە


دابەزینى بەردەوامى نرخى نەوت و تەنگ هەڵچنینى قەیرانى ئابورى بە حکومەتى عێراق ، مەترسى ئەوەى دروستکردووە حکومەتى عێراق لەو رێکەوتنە پاشگەز ببێتەوە کە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا ئیمزاى کردووە.

کۆتایى ساڵى رابردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر ناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم و کەرکوک و ناردنى پشکى هەرێم لەبودجەى عێراق رێککەوتن و بریارە رێکەوتنەکە لەم مانگەوە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێناچێت حکومەتى عێراق بەهۆى قەیرانى داراییەوە بتوانێت پابەندبێت بەرێکەوتنەکەوە.

دکتۆر خامۆش عومەر مامۆستاى زانکۆ و چاودێرى سیاسى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"مەسەلەى دارایى خاڵى سەرەکى رێکەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا پێکدەهێنێت ، کە عێراق پارەى نەبوو کەواتە رێکەوتنەکە وەکو خۆى جێبەجێ ناکرێت."

حکومەتەکەى حەیدەر عەبادى تەنها گیرۆدەى دەستى قەیرانى دارایى نەبووە ، بەڵکو بارودۆخى ئەمنى عێراق و بەردەوامى شەڕى داعش و فشارى لایەنە رکابەرەکانى هێندەى تر تەنگى پێهەڵچنیووە.

عادل بەروارى راوێژکارى پێشووى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەرێمى کوردستان ، پێیوایە حکومەتى عێراق ناتوانێت لەو رێکەوتنە پاشگەز ببێتەوە کە لەگەڵ هەرێم ئیمزاى کردووە.

ناوبراو دەڵێت"ئەگەر حکومەتى عێراق لە رێککەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت و هەڵدەوەشێتەوە."

بەپێى وتەى دکتۆر خەیروڵا حەسەن وەزیرى پێشووى بازرگانى عێراق ، رێکەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا لەڕووى داراییەوە بەرژەوەندى هەرێمى تێدایە، بەڵام لەڕووى سیاسیەوە لەبەرژەوەندى عێراق دایە.

دکتۆر خەیروڵا حەسەن ، پێیوایە حکومەتى عێراق ناتوانێت لەرێکەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە، بەو پێیەى رێککەوتنە لەژێر چاودێرى ئەمەریکا و بەریتانیا ئیمزا کراوە.

بەڵام مەسعود حەیدەر ئەندامى لیژنەى دارایى و ئابوورى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ، ئاماژەبەوەدەکات رێکەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا بەرژەوەندى گەلانى عێراقى تێدایە، دەڵێت"بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و رزگارکردنى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش ، رێکەوتنى نێوان پێکهاتەکانى عێراق کارێکى گرنگە."

هاوکات لەگەڵ فشارە دارایى و ئابووى و ئەمنیەکانى سەر حکومەتەکەى عەبادى ، لەنێو لایەنە شیعەکاندا دەنگى نارەزایەتى بەرز بووەتەوە و داواى هەڵوەشاندنەوەى رێکەوتنەکەى نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت بەبیانووى ئەوەى رێکەوتنەکە لە بەرژەوەندى هەرێمدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:31 0:00

XS
SM
MD
LG