ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ڵێت دادگایه‌کی وڵاته‌که‌یان فه‌رمانی به ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌یوه‌ندیـیه ئه‌لیکترۆنیـیه‌کانی وڵات کردووه ئه‌و ماڵپه‌ڕانه بلۆک بکه‌ن که به‌رگی پـێشه‌وه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی شارلی ئێبدو بڵاوده‌که‌نه‌وه.
ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئانادۆلو ده‌ڵێت دادگای دیاربه‌کر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه بڕیاره‌که‌ی داوه و گوتویه‌تی ده‌بێت ئه‌و ماڵپه‌ڕانه بلۆکبکرێن که به‌رگی یه‌که‌می ژماره نوێـیه‌که‌ی گۆڤاره‌که بڵاوده‌که‌نه‌وه و تیایدا وێنه‌ی پـێـغه‌مبه‌ری موسڵمان کراوه.
پـێشتر هه‌ر ڕۆژی چوارشه‌ممه پـۆلیس ماشێنێـکی پـشکنی که له چاپخانه‌ی ڕۆژنامه‌ی جومهوریـیه‌ت هاتبووه ده‌رێ تاوه‌کو حکومه‌ت دڵنیابێت له‌وه‌ی وێنه‌که‌ی بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه. پـۆلیس پاش ئه‌وه‌ی دڵنیابوو له‌وه‌ی ڕۆژنامه‌که وێنه‌که‌ی چاپ نه‌کردووه‌ته‌وه ڕێگه‌یان به ماشێنه‌که دا به‌ره‌و بازاڕه‌کان بڕوات هه‌رچه‌نده وێنه و بابه‌تی چوار لاپه‌ڕه‌ی دیکه‌ی هه‌فتانه‌مه‌که‌ی چاپـکردبوو.