ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بستانی سعودیـیه ده‌ڵێن 7 که‌سیان ده‌سـتگیرکردووه له په‌یوه‌ندی به ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی و هێرشێـکی چه‌کداری له نزیک سنووری نێوان وڵاته‌که‌یان و عێراقدا.
ئاژانسی دهنگوباسی فه‌رمی سعودیـیه ڕۆژی هه‌ینی له زاری مه‌نسور بن سوڵتان ئه‌لتورکی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند هێزه‌کانی ئاسایش 3 سعودی و 4 سوریـیان دهسـتگیرکرووه. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد چه‌کی کڵاشینکۆف و بۆمب و ته‌قه‌مه‌نیـیان پـێـگیراوه له‌گه‌ڵ بڕێـک پاره و ته‌له‌فونی مۆبایل.
پـێشتر وه‌زاره‌ته‌که ڕایگه‌یاند ڕۆژی دووشه‌ممه هێرشێـکی تێرۆرسـتی کراوه‌ته سه‌ر خاڵێـکی سنووری نێوان وڵاته‌که‌ی و عێراق و له ئاکامدا 3 که‌س له هێزه‌کانی ئاسایش کوژراون له‌گه‌ڵ 4 له هێرشبه‌ره‌کان.