لە شەوى چوارشهممهوه بەفر بارین و هەوایەکى بەهێز لە سنورى شەنگال دەستیپێکردووە و ههتا ئێستا نزیکەى 50 سهنتیمهتر بەفر باریوە و پلەکانى گەرماش بۆ ژێر پلەى سفرى سەدى دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە ڕەوشى ئاوارەکان بە گشتى و ئاوارەکانى سەر چیاى شەنگال بە تایبەتى زیاتر تێکبچێت و رێگاى هاتوچۆى سەر چیا داخراوە و زیاتر لە 100 چادر با بردوونی و ژێر بەفر کەوتوون.
حەیدەر حەجى ڕەششۆ کە یەکێکە لە ئاوارەکانى سەر چیاى شەنگال بۆ دەنگى ئەمهریکا دەڵێت ئەگەر بە زووترین کات رێگاکە نەکرێتەوە و هاوکارى مرۆیى و پێداویستى زستانە نەگاتە دەستیان ئەوا کارەساتى مرۆیى روو دەدات.
لەلای خۆشیەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمهریکا مەیسەر حەجى ساڵح قایمەقامى قەزاى شەنگال پشتڕاستى دەکاتەوە کەوا رەوشى ئاوارەکان لە ئهوپەڕى مەترسیدایە و دەڵێت لایەنى پەیوەندىدارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و رێکخراوە خێر خوازیەکانیان لەو بارودۆخە ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هێشتان هیچ کەس و لایەنێک بەهاناى ئەو ئاوارانەوە نەچووه.
شایەنى باسە بەپێى ئامارە نافەرمیەکان زیاتر لە 8 هەزار ئاوارەى شەنگال لە ئێستادا لەسەر چیادا ماون و زیاتر لە 4 مانگە ئەوان لە رەوشێکى خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، هەرچەندە لە ماوەى رابردوو رێگایەکى زەمینى بۆ هاتوچۆکردن و گەیاندنى هاوکاری بۆ سەر چیاى شەنگال کراوەتەوە، بەڵام وەکو ئاوارەکان دەڵێن هاوکاریـیەکان لە ئاست پـێداویستى ئەواندا نیـین.