Accessibility links

سەیدسادق: خۆپیشاندەران بیناى قایمقامیەت بەرد باران دەکەن


ئەمڕۆ بە سەدان خۆپیشاندەر هێرشیانکردە سەر قایمقامیەتى قەزاى سەید سادق و بیناى قایمامیەتیان بەرد باران کرد ، هەروەها ئۆتۆمبێلێکیشان لە نزیک بیناى قایمقامیەت سوتاند.

ئەمڕۆ هەینى ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکەى پار ساڵى قەزاى سەید سادق دا تێپەڕى کە تێیدا گەنجێک بەناوى ( بریار حەسەن ) کوژرا ، بۆیە کەس و کارى هاوڕێیانى ئەو گەنجە بە دەربڕینى ناڕەزایەتى یادەکەیان کردەوە.

کاروان ئەحمەد یەکێک لە بەشداربووانى مەراسیمى ساڵیادى کوژرانى بڕیار حەسەن، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند" ئەمڕۆ هەینى خانەوادە و هاوڕێیانى شەهید بڕیار حەسەن لەسەر گۆڕەکەى مەراسیمیان ئەنجامداوە و یادیان کردووەتەوە، لەو کاتەدا ژمارەیەک گەنج خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە".

ناوبراو دەڵێت"گەنجە خۆپیشاندەرەکان بەرەو بیناى قایمقامیەتى سەید سادق رۆیشتوون و قایمقامیەتیان بەرد بارانکردووە".

لە ئەنجامى خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى سەید سادق جگە لە بەردبارانکردنى بارەگاى قایمقامیەت و سوتاندنى ئۆتۆمبێلێک، چەند خۆپیشاندەرێک بەبەرد برینداربوون و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێکیش رێگەى هاتووچۆکردنى ئۆتۆمبێل بردرا.

بەهۆى گەورەبوونەوە و بەردەوام بوونى خۆپیشاندانەکەوە، هێزێکى زۆرى چالاکیە مەدەنیەکان لەشارى سلێمانیەوە رەوانەى قەزاى سەید کراو هێزێکى زۆرى ئەمنیش لەدەوروبەرى قایمقامیەتى شارەکە بڵاوەیان پێکرا.

کەس‌وکارى بڕیار حەسەن ، رەتیدەکەنەوە دەستیان لە خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى سەید سادقدا هەبێت، ئاماژە بەوەدەکەن ئەو کەسانەى هێرشیانکردووەتە سەر بیناى قایمقامیەتى قەزاکە کۆمەڵێک گێرەشێوێن بوون.

بەرهەم حەسەن براى بڕیار حەسەن، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند"ئەو خۆپیشاندەرانەى هێرشیانکردووەتە سەر بیناى قایمقامیەتى سەید سادق دۆستى ئەوان نەبوون، بەڵکو بە رێنمایى و بۆ مەبەستى تێکدانى بارودۆخى ئەمنى قەزاکە ئەو کارەیان کردووە".

بەرپرسانى قەزاى سەید دەڵێن ئەو خۆپیشاندەرانەى ئەمڕۆ بیناى قایمقامیەتى قەزاکەیان بەرد بارانکردووە کێشەى زەوى و زاریان هەبووە، بەڵام ساڵیادى شەهیدبوونى بڕیار حەسەنیان قۆستووەتەوە و تێیدا ناڕەزایەتیان دەربڕیووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG