دادگایه‌کی عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه دوو خانمی ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگایه‌کی تایبه‌ت به که‌یسه‌کانی تێرۆر کردووه به تاوانی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل و نووسین له‌و باره‌یه‌وه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کاندا.
لوجه‌ین ئه‌لهزلول چالاکوانی ته‌مه‌ن 25 سـاڵ وه‌ک هه‌وڵێـک بۆ ئاسایـیکردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل له لایه‌ن ژنانه‌وه له عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه له 1 ی مانگی دوازده له وڵاتی ئیماراته‌وه ئۆتۆمبیلی به‌ره‌و ناوخاکی سعودیـیه لێخوڕیوه، به‌ڵام ده‌سـتبه‌جێ ده‌سـتگیرکراوه.
هاوکات میسا ئه‌لعه‌مودی ڕۆژنامه‌وانی ته‌مه‌ن 33 سـاڵ که له ئیمارات نیشته‌جێـیه، بۆ پشـتیوانیکردن له‌م کاره‌ی لوجه‌ین هاتبووه سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات، ئه‌ویش ده‌سـتگیرکرا.
چه‌ند که‌سێـکی نزیکیان ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه به ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێسـیان گوتووه پارێزه‌ره‌که‌یان داوای پـیاداچوونه‌وه‌ی به‌و بڕیاره‌ی دادگا کردووه که لوجه‌ین و مه‌یسای ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگای تایبه‌ت به تاوانه‌کان له ڕیاز کردووه. ده‌ڵێن ئه‌م دادگایه له بنچینه‌دا بۆ حوکمدان له‌سه‌ر که‌یسه‌کانی تێرۆر دانراوه، به‌ڵام چالاکوانانی بواره‌کانی مافی مرۆڤ و ژنانیشی لێ دادگایی ده‌کرێن.
به‌پێی ئه‌سۆشیه‌تد پـرێس بڕیاری دادگا له دژی ئه‌و دوو خانمه له‌سه‌ر نووسینه‌کانیانه له تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ک به‌هۆی لێخۆڕینی ئۆتۆمبیله‌وه. که‌سوکاریان ئاماده نه‌بوون بۆ میدیاکان هیچ لێدوانێـک له‌م باره‌یه‌وه بده‌ن، ده‌ڵێن" مه‌سه‌له‌که هه‌ستیاره."
جێی ئاماژه‌یه لوجه‌ین ئه‌لهزلول 228 هه‌زار که‌س له‌سه‌ر تویته‌ر نووسینه‌کانی ده‌خوێنـنه‌وه و میسا ئه‌لعه‌مودیش 131 هه‌زار که‌س. هه‌روه‌ها مه‌یسا پـێشتر له‌سه‌ر یوتیوب ڤیدیۆی بڵاوکردووه‌ته‌وه که تیایدا له باره‌ی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل له لایه‌ن ژنانه‌وه له سعودیـیه قسه ده‌کات.