توێژینه‌وه‌یه‌کی نوێی سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ توندوتیژیـیه‌کانی په‌یوه‌ست به سیاسه‌ت و توندڕه‌وی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات ته‌نها له ماوه‌ی مانگی ڕابردوو زیاتر له 5 هه‌زار که‌س به‌هۆی ئه‌وانه‌ی به خۆیان ده‌ڵێن جیهادی کوژراون.
سه‌نته‌ره‌که که له زانکۆی کینگز کۆلێجی له‌نده‌نه، ڕاپـۆرتێـکی 26 لاپه‌ڕیی له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌که‌ی بڵاوکردووه‌ته‌وه و تیایدا نووسیویه‌تی زۆربه‌ی زۆری کوژراوه‌کان که‌سانی موسڵمان بوون و زیاتر له نیوه‌یان که‌سانی سیڤیل بوون.
به‌پـێی ئه‌و زانیاریـیانه‌ی ده‌سـت سه‌نته‌ره‌که که‌وتووه، له ماوه‌ی مانگی یازده 664 هێرشی توندڕه‌وان له 14 وڵاتی جیهان ئه‌نجام دراون و بوونه‌ته مایه‌ی کوژرانی 5042 که‌س.
توێژینه‌وه‌که ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌راوردێـک بکه‌ین له نێوان کوژراوانی ئه‌و هێرشانه و هێرشه‌که‌ی 7ی مانگی حه‌وتی سـاڵی 2005 ی کرایه سه‌ر میترۆی له‌نده‌ن، ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی "وه‌کو ئه‌وه وایه ڕۆژانه 3 هێرشی له‌و شێوه‌یه له جیهاندا ئه‌نجام بدرێن."
پاشان باس له‌وه ده‌کات نزیکه‌ی 80% ی ئه‌و کوژراوانه له عێراق و سوریا و ئه‌فغانسـتان و نه‌یجیریا بوون، وه داعش له پشت کوژرانی 2206 که‌سیانه له عێراق و سوریا.
هه‌روه‌ها له خشتهیهکیدا که له لاپه‌ڕی 14 ڕاپـۆرتهکهدایه ده‌ڵێت له ماوه‌ی ئه‌و مانگه له عێراق 233 هێرش کراون و به‌هۆیانه‌وه 1770 که‌س کوژراون. به دوایدا نه‌یجیریا دێت که ته‌نها له 27 هێرشدا 786 که‌س کوژراون. پاشان ئه‌فغانستان که له‌وێش له ئه‌نجامی 152 هێرش 782 که‌س کوژراون. ئینجا به دوایدا سوریا دێت که ده‌ڵێت له ئه‌نجامی 110 هێرش 693 که‌س له‌وێش کوژراون.