لە ئەنجامى تەقینەوەکەى شەوى رابردووى شارى کەرکوک کە لە نزیک یانەیەکى شەوانە لە گەڕەکى شۆریجە ئەنجامدرا ، 17 هاوڵاتى گیانیان لەدەستدا و 25 هاوڵاتیش برینداربوون.
تەقینەوەکەى شارى کەرکوک لە کاتێکدایە ماوەى چەند مانگێکە بەهۆى بەستنى رێگەى نێوان کەرکوک و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعشەوە تەقینەوەى گەورەى لەو شێوە لە شارەکە ئەنجام نەدراوە.
عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک، ئاماژە بەوە دەکات تەقینەوەکە دواى ئاشکراکردنى دەستگیرکردنى باندێکى تیرۆرستى ئەنجام دراوە کە دەستیان لە چەندین کردەوەى تیرۆریستیدا هەبووە، دەڵێت" لە ئەنجامى تەقینەوەکە 17 هاولاتى گیانیان لەدەستداوە و 25 ی تریش برینداربوون".
ئەنجامدانى ئەو تەقینەوە گەورەیە لە کەرکوک کە تەقینەوەى چەند بۆمبێکى ترى چێنراوى بەدوادا هات، دانیشتوانى شارەکەى تووشى سەرسوڕمان کردووە، پرسیارى ئەوەى لادروستکردوون لە کاتێکدا رێگەى نێوان کەرکوک و سنوورى داعش بڕدراوە ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوەکە چۆن هێنراوەتە نێو شارەکە.
حەمید گلى شارەزاى بوارى ئەمنى لە کەرکوک، دەڵێت"بارودۆخى ئەمنى زۆر هەستیارە بەو پێیەى شیعەکان هاتوونەتە کەرکوک و هێزى سێیەم لە شارەکە دروستبووە".
ناوبراو وتیشى"من گومان دەکەم لایەنى سێیەم دەستى لە پشت تەقینەوەکەدا هەبێت".
ئەگەر پێشتر لایەنە ئەمنیەکانى کەرکوک بۆ ڕێگرتن لە کردەوەى تیرۆرستى چاویان تەنها لەسەر داعش و گروپە سوونەکان بێت ، بەبڕواى شارەزایانى بوارى ئەمنى لەمەودوا دەبێت چاو بخەنە سەر ئەو گروپە شیعیانەى کە بەم دواییە هاتوونەتە شارەکەوە.