Accessibility links

کەرکوک: داعش لە چوار قۆڵەوە پەلامارى هێزى پێشمەرگە ده‌دات


دەوڵەتى ئیسلامى لە عیراق و شام (داعش) لە چوار قۆڵەوە پەلامارى سەنگەرەکانى پـێشەوەى هێزى پـێشمەرگەیان لە خۆرئاواى کەرکوک داوە و لە سێ قۆڵیانەوە تێکشکێنراون، بەڵام لە قۆڵى تەللوەردەوە پێشڕەوەیـیان کردووە و دەستیان بەسەر بەرزایـیەکانى تەللوەرددا گرتووە.

هێرشە بەرفراوانەکەى داعش کە شەوى رابردوو کردیە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە سنوورى کەرکوک وه‌هاى لە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى پێشمەرگە کرد هێزێکى زۆرى پێشمەرگە رەوانەى کەرکوک بکه‌ن بۆ ئەوەى ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵى داعش دەربهێننەوە کە شەوى رابردوو داعش دەستى بەسەریاندا گرت.

وەستا رەسوڵ فەرماندەى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"داعش لە چوار قۆڵەوە هێرشى کردووە و تەنها لەقۆڵى تەللوەردەوە پێشرەوى کردووە، لە ئێستادا هێزێکى زۆر رەوانەى ناوچەکە کراوە بۆ گرتنەوەى ئەو ناوچەیەکى کە داعش کۆنترۆڵى کردووە".

لە زۆربەى ئەو گوندانەى کە کەوتوونەتە نێوان سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە و چەکدارەکانى داعش ژیان تیایاندا وەستاوە و دانیشتوانى گوندەکان ماڵ و حاڵى خۆیان بە جێهێشتووە.

هاوکات لەگەڵ هێرشە فراوانەکەى شەوى رابردووى داعشدا لە قۆڵى کەرکوک ، ئەمڕۆ هێزى پێشمەرگە هێرشێکى فراوانى بۆ سەر گوندەکانى ناوچەى ته‌به‌جى خۆرئاواى جەلەولا دەستپێکرد و سەرجەم ئەو گوندانە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگەوە.

هەرچەندە ناحیەى سەعدیە و جەلەولا لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە چۆڵکراوە، بەڵام گوندنیشینەکانى نزیک ئەو دوو ناحیەیە شەڕ گوندەکانى پێچۆڵنەکردوون و سەربارى خراپى دۆخى ئەمنى ناوچەکەیان هێشتا درێژە بەژیانى ئاسایى خۆیان دەدەن.

لیوا مەردان چاوشین جێگرى فەرماندەى هێزەکانى هەفتاى هێزى پێشمەرگە، دەڵێت"ئەمڕۆ پێشمەرگە سەرجەم گوندەکانى خۆرئاواى جەلەولاى کۆنترۆڵکرد".

دەستپێکردنەوەى جم‌وجۆڵى چەکدارەکانى داعش لە سنوورى کەرکوک هاوکاتە لەگەڵ تێکشکانیان لە ناوچەکانى کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە ، کە سەربارى کۆنترۆڵکردنى جەلەولا و سەعدیە و دەرهێنانیان لە ژێر کۆنترۆڵى داعش، بەڵام دانیشتوانەکەیان لەترسى بۆمبى چێنراو نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:48 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG