Accessibility links

له‌سه‌ر گومانی په‌یوه‌ندی به‌ داعش 13 که‌س له‌ کامپی عه‌ربه‌ت ده‌سـتگیرده‌کرێن


بە تۆمەتى هەبوونى پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش ، پۆلیس لە نێو کامپى عەربەت 13 ئاوارەى عەرەب دەستگیر دەکات و لە نێو دەستگیرکراوەکاندا 3 بریندارى تێدا بووە.

دەستگیرکردنى ئەو 13 گومانلێکراوە لەلایەن پۆلیسەوە ، دواى ئەوە دێت کە پێشتر هەواڵدەرێک پۆلیسى لە هەبوونى بریندارێک لە نێو کامپەکەدا ئاگادار کردووە کە بریندارەکە بە نهێنى رۆیشتبووە نێو کامپەکەوە.

رائید عەتا بارام بەرێوەبەرى پۆلیسى عەربەت ، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"دواى ئەوەى زانیارى گەیشتووەتە پـۆلیس لەسەر ئەوەى کە بریندارێکى عەرەب رۆیشتووەتە نێو کامپەکەوە ، هەڵمەتێکى گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە و 13 ئاوارەى گومانلێکراومان دەستگیرکردووە".

لە نێو کامپى عەربەتدا نزیکەى 350 ماڵە ئاوارەى عەرەبى تێدایە و سەرجەم ئاوارە عەرەبەکان لە بنەڕەتدا دانیشتووى ناوچەکانى پارێزگاى سەڵاحەدینن ، بەهۆى شەڕى نێوان سوپاى عێراق و داعشەوە ئاوارەبوون.

رائید عەتا بارام ، جەختیشیکردەوە سەرجەم گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکانى نێو کامپى عەربەت عەرەبن و لە ئێستادا ڕادەستى ئاسایش کراون بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

ناحیەى عەرەب کە تیایدا کامپ بۆ ئاوارەکان کراوەتەوە 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشورى شارى سلێمانیەوە و گەورەترین کامپە لە پارێزگاى سلێمانیدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:28 0:00

XS
SM
MD
LG