هێزێکى گەورەى ئێرانى بە چەکى قورسەوە رۆیشتوونەتە نزیک سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە قەزاى خانەقین و جێگیرکراون ، ئامانج لە رۆیشتنى ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچانەیە ئامادەکاریکردنە بۆ هێرشکردنە سەر ناحیەى جەلەولا.
ئەو هێزە ئێرانیەى کە رۆیشتوونەتە قەزاى خانەقین سەرجەمیان جل و بەرگرى مەدەنیان لەبەردایە و لەلایەن دانیشتوانى قەزاکەوە لە چێشتخانە و شوێنە گشتیەکاندا بینراون کە بە زمانى فارسى قسەیانکردووە.
پلەدارێکى پۆلیسى دیالە کە نیشتەجێى قەزاى خانەقینە و داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند" ئەو هێزە ئێرانیەى هاتوونەتە خانەقین نزیکەى سەد سەرباز دەبن و چەکى قورسیان لەگەڵ خۆیان هێناوە".
هاتنى ئەو هێزە ئێرانیە بە چەکى قورسەوە بۆ قەزاى خانەقین ، لە کاتێکدایە پێشتریش چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس لە ناوچەکانى خورماتوو و ئامرلى بڵاوکرانەوە کە هاوشانى رێکخراوە شیعیەکان بەشدارى شەڕى دژى داعش کردووە.
لیوا حسێن مەنسور فەرماندەى هێزەکانى پشتیوانى دووى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند"وڵاتى ئێران هاوشێوەى وڵاتانى تر هاوکارى هێزى پێشمەرگەیان کردووە لە دژى داعش".
هاتنى ئەو هێزە ئێرانیە بە چەکى قورسەوە بۆ قەزاى خانەقین ، لە کاتێکدایە هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى لە باکور و باشورەوە هێرش بکەنە سەر چەکدارەکانى داعش لە نێو ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیە.