Accessibility links

خورماتوو: پلەدارێک و سەربازێکى رێکخراوى بەدر کوژران و هەشت پێشمەرگەش دەستگیرکران


لەئەنجامى شەرى نێوان چەکدارانى رێکخراوى بەدر و هێزى پێشمەرگە لە گوندى یەنگیجەى خۆراواى قەزاى خورماتوو ، پلەدارێک و سەربازێکى رێکخراوى بەدر کوژران و هەشت پێشمەرگەش دەستگیرکراون.

ئێوارەى رۆژى سێشەمە لە گوندى یەنگیجەى خۆراواى خورماتوو پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانى بەدردا روویداوە و پێکدادانەکە کوژرانى دوو سەربازى رێکخراوى بەدرى لێکەوتووەتەوە، لە ئێستادا لیژنەیەک لە هەردوولا بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە پێکهێنراوە.

مەلا کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەکێتى ، بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"ئەو هەشت پێشمەرگەیەى تۆمەتبارن بە تەقەکردن لە چەکدارەکانى رێکخراوى بەدر لە ئێستادا لاى هێزێکى هاوبەشى پێشمەرگە و بەدر دەست بەسەرن".

بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەکێتى، ئاماژەى بەوەشکرد لەرۆژى جەژنەوە سێ جار شەڕ و پێکدادان لەنێوان بەدر و پێشمەرگەدا روویداوە ، جەخیکردەوە سەرووى خۆى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى "ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن رەنگە ڕووداوى نەخوازراوى تر رووبدات".

چەکدارەکانى رێکخراوى بەدر کە رۆژانە نێوانیان لەگەڵ هێزى پێشمەرگەدا گرژى تێدەکەوێت، ماوەى دوو مانگە رەوانەى رۆژهەڵاتى خورماتوو و سنورى ئامرلى کراون بۆ ئەنجامدانى شەڕ لە دژى چەکدارەکانى داعش.

عەبدوڵا بۆر بەرپرسى میحوەرى خورماتووى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"لیژنە دانراوە بۆ کێشەى نێوان پێشمەرگە و بەدر کە بەهۆى کوشتنى نەقیبەکەى بەدر و دەستگیرکردنى هەشت پێشمەرگەوە دروستبووە".

پێکدادانە پچڕ پچرەکانى نێوان هێزى پێشمەرگە و رێکخراوى بەدر لە خورماتوو ، مەترسى لەدەست دەرچوونى بارودۆخەکە و ڕوودانى شەرى گەورەى لە نێوان ئەو دوولایەنە و تێوەگلانى هاوڵاتیانى لەو شەرەدا دروستکردووە، بەو پێیەى لە پاڵ عەرەبى سونەدا دانیشتوانى خورماتوو لە کوردى و تورکمانى شیعەمەزهەب پێکهاتوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:08 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG