Accessibility links

بەرپرسانی کورد: میلیشیا شیعەکان هاوڵاتى کوردیشیان کوشتووە


بەرپرسانى کورد لە پارێزگاى دیالە، دەڵێن میلیشیا شیعەکان لەو پارێزگایە توندوتیژیان بەرامبەر بە هاوڵاتى کوردیش نواندووە، چەندین هاوڵاتى کورد لەسەر دەستى گروپە شیعیەکان ڕووبەڕووى کوشتن و ڕفاندن بوونەتەوە.

تۆمەتبارکردنى میلیشیا شیعەکان بە کوشتن و ڕفاندنى هاوڵاتیانى کورد، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڕاپۆرتەکەى ئەمنستى ئنتەرناشناڵدا کە میلیشیا شیعەکان بە کوشتن و ڕفاندنى کەسانى سووننەئاینزا تۆمەتبارکردبوو.

زیاد ئەحمەد ئەندامى پـێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، ئاماژە بەوە دەکات میلیشیا شیعیەکانى وەکو گروپى عەسایب ئەهلولحەق و سوپاى مەهدى بە ئاشکرا توندوتیژیان بەرامبەر عەرەبى سووننە و کورد نواندووە.

زیاد ئەحمەد بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند"دواى رووداوەکانى موسڵ میلیشیا شیعەکان نەک بەرانبەر سونە بەڵکو کوردیشیان کوشتووە و چەند شۆفێرێکى کوردیان سوتاندووە".

پارێزگاى دیالە بەو پێیەى دانیشتوانەکەى تێکەڵەیە لە هەرسێ پێکهاتەى عەرەبى سونە و شیعە و کورد ، لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا زۆرترین کوشت و بڕى مەزهەبى تێیدا روویداوە لەدواى پارێزگاى بەغدا.

زیاد ئەحمەد ، حکومەتەکەى مالیکى تۆمەتبار دەکات بە بەهێزکردنى میلیشیا شیعەکان ، دەڵێت"حکومەتەکەى مالیکى پشتیوانى میلیشیا شیعیەکانى کردووە، تەنانەت لەهەندێک جێگەى دیالە هێزە ئەمنیەکان فەرمانیان لە میلیشیاکانەوە وەرگرتووە".

تازەترین پەلاماردانى هاوڵاتیانى کورد لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە مانگى رابردوو بوو ، کاتێک کە گروپى عەسائیب ئەهلولحەق لەناحیەى مەندەلى هاوڵاتیەکى کوردیان دەستگیرکرد و دواى ئەشکەنجەدانێکى زۆر ئازادیان کرد.

ئازاد حەمید شەفى بەرپرسى ناوچەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە مەندەلى کە هاوڵاتیە کوردەکە ئەندامى حیزبەکەى بووە، دەڵێت"هاوڵاتیە کوردەکەمان هاندا تا سکاڵا لەسەر ئەو گروپە تۆمار بکات بەڵام سکاڵاى تۆمار نەکرد".

ئازاد حەمید شەفى بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"دواى ئەشکەنەجەدانى هاوڵاتیە کوردەکە، گروپى عەسائیب لە مەندەلى رۆیشتن و ئێستا لە شارەبان و بەعقوبەن و کارى خراپى وەکو کوشتن و رفاندن ئەنجام دەدەن".

گروپى عەسایب ئەهلولحەق کە تۆمەتبار دەکرێت بە کوشتن و رفاندنى کورد و عەرەبى سونە ، لە ساڵى 2004 بە شێوەیەکى نهێنى دامەزراوە و زۆربەى ئەندامەکانى پێشتر لە ریزى سوپاى مەهدیدا کاریان کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:22 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG